هێرشکردنە سەر خێزانێکی کورد لە توركیا كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

هه‌ده‌په‌: سیاسه‌تی ئاكپارتی و مه‌هه‌په‌ رقی زیاتر كردووه‌
kurdistan24.net

K24 - ئەنقەرە

لە شاری سەکاریای تورکیا خێزانێکی کورد کە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان روویان لەو شارە کردووە، لەلایەن تورکە رەگەزپەرستەکانەوە هێرشیان دەکرێتەسەر و ئازار دەدرێن. هێرشکردنە سەر ئە خێزانە کورد ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە و بەرپرسانی ھەدەپە دەڵێن "سیاسەتەکانی ئاکپارتی و مەهەپە لە تورکیا کولتووری رق و کینەی زیاتر کردووە"، داواش دەکەن هێرشکاران بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.

شازێ کۆسە، جێگری ھاوسەرۆكانی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) بە كوردستان24ی گوت: "بەهۆی سیاسەتەکانی ئاکپارتی و مەهەپە، کولتووری هێرشکردن لە وڵات زیادیکردووە و قەیرانەکانیش لە هەموو روێکەوە زیاد بوون، هەروەها ئاستەنگیش بۆ هاووڵاتییانی کورد دروست دەکرێت، ناتوانن لەسەر خاکی خۆیان کاری کشتوکاڵی بکەن، بەهۆی ئەم کارانەشەوە بە ناچاری کرێکارانی کورد روو لە شارەکانی دیکەی تورکیا دەکەن و لەوێش لەلایەن تورکە رەگەز پەرستەکانەوە دووچاری هێرش دەبنەوە، بەڵام پارێزگاری سەکاریا راستییەکان دەشارێتەوە، ئێمەش وەکو هەدەپە بەدواداچوون بۆ ئەم کێشەیە دەکەین".

رۆژی 4/9/2020 خێزانێكی كورد لە سنووری پارێزگای سەكاریای توركیا كەوتنە بەر ھێرشی توركە رەگەزپەرستەكان، ئەو خێزانە كوردە بە ناچاری روویان كردە شاری مێردینی باكووری كوردستان. بەگوێرەی زانیارییەكان تائێستا ھێرشكەرەكان دەستگیر نەركراون.

ھ.م