ئەنجوومەنی زانستیی توركیا: ئەنقەرە دەبێتە ووھانی بچووك

داوا دەکەن دوو هەفتە قەدەغەی گشتیی هاتووچۆ رابگەیەنرێت

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی زانستی توركیا رایدەگەیەنێت، ئەگەر ھەیە ئەنقەرە ببێتە وھانی بچووك، ئەگەر رێكاری تووند بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا نەگیرێتە بەر.

ئەنجوومەنی زانستیی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە توركیا، داوادەکات تاوەکو دوو ھەفتە قەدەغەی گشتیی هاتووچۆ لە شاری ئەنقەرە رابگەیەندرێت. هۆشداریش دەدات "بە پێچەوانەوە، بەپێی لێكۆڵینەوەكان كۆرۆنا لە شاری ئەنقەرە بە تایبەت زۆر تەشەنە دەكات و وای لێدێت ببێتە ووھانی بچووك".

ئەندامانی ئەنجوومەنەكە، ئاماژە بەوەش دەكەن كۆرۆنا بە خێراییەكی زۆر لە شارەكەدا لە بڵاوبوونەوەدایە و، كۆبوونەوەی ناڕێكخراو لە زیادبووندان. ئەگەر رێكاری خێراش نەگیرێتە بەر، رەنگە كارەساتی گەورە رووبدات.

پێش چەند رۆژێک، فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا هۆشداری دابوو لە زۆریی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەنقەرە و گوتبووی "ئامارەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، دوو هێندەی ئامارەکانی ئیستەنبووڵن. تورکیا بۆ جاری دووەم زۆرترین ئاماری پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار دەکات".

بەگشتی تائێستا 278 هەزار کەس لە تورکیا تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش شەش هەزار و 620 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

ووهان، شوێنی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە، کاتێک کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی لێ تۆمارکرا، بەگشتیش تاوەکو ئێستا 50 هەزار و 340 کەس لە ووهان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 869 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

هـ.ر.