"سێڵفیی تەڵاق" لە تونس هەرای ناوەتەوە

خەولە و وەلید نووسیویانە: ئێمە خراپ نەبووین، هاوسەرگیری خراپە

 K24 - هەولێر

ژن و پیاوێکی تونسی بە بڵاوکردنەوەی سێڵفی جیابوونەوەیان، دەنگۆیەکی زۆریان ناوەتەوە لە وڵاتەکەیان و لەنێو میدیای وڵاتانی عەرەبیش.

خەولە حامد و وەلید شوکری، ژن و پیاوێکی تونسین و هەردووکیان دوای تەڵاق، وێنەیەکی سێڵفیی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە، لە وێنەکەدا هەردووکیان زەردەخەنە بەسەر لێویانەوەیە، لەسەر پۆسەتەکەی فەیسبووکیش نووسیویانە "ئێمە خراپ نین، هاوسەرگیری خراپە".

وێنە و نووسینەکە، ئەو دوو هاوسەرە جیابووەوەیان رووبەڕووی رەخنەی زۆر کردووەتەوە لە سۆشیاڵ میدیاکان، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری خەڵک دەڵێن سووکایەتییان بەو پرۆسە پیرۆزە کردووە، هەندێکی دیکە لایەنگرییانن و دەڵێن تەڵاق بەوشێوەیە، ئاساییە.

لەدوای بڵاوکردنەوەی وێنەکە لە رۆژی هەیینی، وەلید پۆستێکی دیکەی وەکو روونکردنەوەیەک لە فەیسبووک کردووە و دەڵێ "بابەتی تەڵاق، بابەتێکی تایبەتە لەنێوان ژن و پیاو و مافی هیچ کەسێک نییە دەستوەردان بکات، چونکە تەنیا ژن و پیاوەکە هۆکاری راستەقینەی جیابوونەوەکەیان دەزانن".