پەرلەمانی عێراق داوادەکات زەوی کورد لە کەرکووک داگیرنەکرێت
K24- ھەولێر:
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە نووسراوی فەرمی دوایانکردوە هەموو مامەڵەکردنێک بە زەویە کشتوکاڵیەکانی کەرکووک رابگیرێت. ئەو نووسراوە بۆ پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک نێردراوە و گوتی: لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەو مەبەستە پێکهاتووە.
داگیرکردن و کڕین و فرۆشتنی زەویە کشتوکاڵییەكانی ھاووڵاتییانی كورد لە گوندە کوردستانیەکانی سنووری کەرکووک و دیالە و سەلاحەددین بەردەوامە. جوتیارانی كوردیش بەھەموو شێوەیەك ئەوەی لەتوانایاندا دابێت رووبەڕووی عەرەبە هاوردەکان دەبنەوە. دوای روداوەکانی 16 ئۆکتۆبەریش ئەم دیاردەیە زۆر زیاتر بووە.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: بە نووسراوی فەرمی داوای راگرتنی مامەڵە و کڕین و فرۆشتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان کراوە. لیژنەیەکیش لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە پێکهێنراوە.
مەحیەدین حسێن، ئەندامی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان گوتی: تاکە چارەسەر بۆ کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێشووی رژێمی سەددامە و جێبەجێکردنی ماددەی 140ە.
لە دوای 16 ئۆکتۆبەرەوە و لەگەڵ تێکچوونی دۆخی ئەمنی و فراوانبوونی چالاكییەکانی داعش؛ تەعریب و داگیرکاری و سووتاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی كورد زیادیكردووە و حکومەتی عێراقیش لەم رووداوانە بێدەنگە. کورد تاکە چارەسەری بۆ ئەم دۆخە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و گەڕانەوەی پێشمەرگەیە. كەچی حکوومەتی عێراق دەستی دەستی دەکات و نایەوێت ئەم کێشانە چارەسەر ببن.