وەزیری تەندروستیی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت

بەهۆی گەندەڵی لە وەزارەتەکەی و "خراپیی" رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستیی عێراق بۆ لێپرسینەوە لەبارەی "گەندەڵی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق و رێکارەکانی وەزارەتەکەی لە رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا" بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت.

تائێستا زیاتر لە 260 هەزار کەس لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 7 هەزار و 500 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، بەمەش عێراق لە لیستی یەکەمی وڵاتانی عەرەبییە لەڕووی زۆریی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا.

جەواد موسەوی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دۆسییەکانی گەندەڵی و سستیی رێکارەکانی وەزارەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، هەفتەی داهاتوو حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگە، بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت.

لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان دوێنێ ئاشکرای کردبوو: دۆسییەکانی گەندەڵی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ملیاران دینار دەخەمڵێنرێت، کە بەناوی پشکنینەکانی کۆرۆنا، شاردراونەتەوە.

عێراق چەند ساڵێکە بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان ئەژماردەکرێت، بەجۆرێک بوونی گەندەڵی، ناشەفافی لە وەزارەتەکان و کەمیی خزمەتگوزاری، عێراقییەکانی توڕە کردووە.

 

هـ.ر.