بەشێکی کتێبی مێژوو و جوگرافیای دواقۆناغی ئامادەیی لە فەرەنسا، تایبەت دەکرێت بە کورد

باسی کورد، کوردستان و پێشمەرگە کراوە

K24 - هەولێر

لە کتیبی مێژوو و جوگرافیای پۆلی 12ـی ئامادەیی فەرەنسا، بۆ ئەمساڵی خوێندن (2020-2021) بەشێک تەرخانکراوە بۆ باسکردنی مێژووی کورد و کوردستان و پێشمەرگە.

ئەو بەشە لە لاپەڕەکانی کۆتایی کتێبەکەیە و بە ناونیشانی "کورد: گەلێکی بێ وڵات"ـە، تێیدا باسی ئەوە کراوە: کورد 40 ملیۆن کەس دەبن لە جیهان و بەشێکیان کۆشش دەکەن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، بەڵام ئەو وڵاتانەی کورد لەگەڵیاندا دەژین، دژایەتییان دەکەن.

لە بەشێکی دیکەدا خشتەیەک بە ناونیشانی "یەک سەدە لە خەبات" هەیە، لە ساڵی 1920 دەستپێدەکات و بە سەرەقەڵەم باسی رووداوە مێژووییە گرنگەکانی ئەو سەدەیە دەکات کە بەسەر کورددا هاتوون، تاوەکو دەگاتە ریفراندۆمی سەربەخۆیی و دەڵێ "بەڵێ لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی عێراقدا سەرکەوت".

پێناسەی پێشمەرگە بابەتێکی دیکەی ئەو بەشەی کتێبەکەیە، تێیدا وشەی پێشمەرگە بەمشێوەیە بۆ زمانی فەرەنسی بۆ قوتابییانی ئەو وڵاتە وەرگێڕدراوە "پێشمەرگە واتا، ئەو کەسەی رووبەڕووی مردن دەبێتەوە".

جگە لەمانە باسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کراوە و باس لەوە کراوە "ئەمڕۆ ژمارەیان لەنێوان 7 بۆ 24 هەزار شەڕڤانە"، بەڵام ئەو بەشە ، لەلایەن میدیا تورکییەکانەوە بە مانشێتی "پەکەکەی تیرۆرست لە پاشکۆی کتێبێکی قۆناغی کۆتایی قوتابخانەکانی فەرەنسا" زەقکراوەتەوە.

بابەتەکە لە مانشێتی وێبسایتێکی تورکی بە زمانی فەرەنسی
بابەتەکە لە مانشێتی وێبسایتێکی تورکی بە زمانی فەرەنسی

دوای ئەوەی قوتابییە فەرەنسییەکان ئەو وانەیە دەخوێنن، ئەو چالاکییانەی داواکراوە لێیان و، لە کتێبەکەدا ئاماژەی پێدراوە سەبارەت بە کورد، پێکدێن لە "ئامادەکردنی پرێزەنتەیشنێک سەبارەت بە، کورد، مێژوو، کولتوور، تایبەتمەندیی".

عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا رەتی دەکاتەوە ئەو بەشە پاشکۆ بێت و لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 دەڵێ "ئەمە (لە کتێبی 12ـی ئامادەییە) بۆ ئەو قوتابییانەی دواساڵی خوێندنیانە. لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر فۆکەسیان لەسەر کوردە. ئەو پرسیارانەی لە بەشەکەدا هەن، ئەگەری هەیە لە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ بێنەوە".

فەرەنسا و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە. ئەو وڵاتە ئەوروپییە بە زۆر شێواز هاوکاری پێشکەشی هەرێمی کوردستان کردووە و لەکاتێکیشدا شەڕی دژی داعش مابوو، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی ئەوکاتەی فەرەنسا وەکو یەکەم سەرۆک هاتە هەرێمی کوردستان.