200 دانیشتووی گوندێكی كرماشان ژەھراوی بوون و دۆخی 20 کەسیان ناجێگیرە

K24 - هەولێر

بەھۆی "پیسبوونی ئاوی خواردنەوە"ی گوندی شێخ سەلەی سەلاسی باوەجان لە رۆژھەڵاتی كوردستان، نزیكەی 200 كەس ژەھراوی بوون.

بەپێی سەرچاوەیەکی کوردستان24 لە گوندەکە، شەوی رابردوو (دووشەممە، 7-9-2020) دانیشتووانی گوندی شێخ سەلەی سەلاسی باوەجان لەماوەی چەند کاتژمێرێک زۆربەیان دۆخی تەندروستییان تێکچووە، بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس.

سامان وەیسی، دانیشتووی گوندی شێخ سەلەیە، بە کوردستان 24ـی راگەیاند "گوندەکەمان یەک سەرچاوەی ئاوی هەیە، کە کانییە و هەندێک دانیشتووی گوندەکەش سوود لە ئاوی چاڵاوەکان دەبینن، بەڵام ئەوانیش ژەهراوی بوون".

بەگشتی لە دوێنێوە 200 كەسی گوندەکە ژەھراوی بوون، دۆخی تەندروستیی 20 کەسیان ناجێگیرە و رەوانەی نەخۆشخانەكانی شاری كرماشان كراون.

گوندی شێخ سەلە 500 خێزان و زیاتر لە 2 ھەزار و 500 دانیشتووی ھەیە، دانیشتووانی گوندەکە ساڵانێكە كێشەی نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوەیان هەیە.

هـ.ر.