بۆ یەکەمجار لە شنگال دوو کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

ژنێکی 42 ساڵ و پیاوێکی تەمەن 45 ساڵن

K24 - دهۆک

بۆ یەکەمجار لە شنگال مردن بە کۆرۆنا تۆمارکرا و دوو کەس بەهۆی ئەو پەتا جیهانییەوە گیانیان لەدەستدا.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی نەینەوا پشتڕاستی کردەوە بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 8-9-2020) لەدوای تێکچوونی رەوشی تەندروستیی دوو تووشبووی کۆرۆنا، کە هەردووکیان خەڵکی کۆمەڵگەی زۆراڤای سەر بە ناحیەی سنوونێ لە قەزای شنگالن، گیانیان لەدەستدا.

ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە پێکدێن لە پیاوێکی تەمەن 45 ساڵ بە ناوی (ح. ق. ج) و، ژنێکی 42 ساڵی بە ناوی (ش. خ. ش).

تەندروستی نەینەوا ئەوەشی راگەیاندووە، ئەو ژن و پیاوە چەند رۆژێک بووە بەهۆی تێکچوونی رەوشی تەندروستییان لەئەنجامی تووشبوونیان بە کۆرۆنا، لە نەخۆشخانەی تایبەتی کۆرۆنا لە موسڵ لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوون.

لە لای خۆیەوە سەرچاوەیەک لە تەندروستیی شنگال، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتڕاست کردەوە، راشیگەیاند "تائێستا هەشت حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شنگال تۆمارکراون و ئەو دوو کەسەش بەهۆی پەتاکە گیانیان لەدەستداوە".

 

هـ.ر.