حكومەتی ئێران لە بڕیاری كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان پاشگەزبووەوە
K24 - هەولێر
دوو رۆژ دوای دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، حكومەتی ئێران لە بڕیاری كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان پاشگەزبووەوە.
موحسین حاجی میرزایی، وەزیری پەروەردەی ئێران رایگەیاند "چوونی قوتابییان بۆ قوتابخانەكان بڕیارێكی ناچاری نییە و قوتابییان دەتوانن لەنێوان خوێندنی ئۆنلایین و خوێندن لەناو پۆل، یەكێكیان ھەڵبژێرن".
ئەو پاشەكشەیەی وەزارەتی پەروەردە لەكاتێكدایە، رەخنەیەكی زۆر لە بڕیاری كردنەوەی قوتابخانەكان گیرا، لەكاتێكدا لە كۆی 31 پارێزگای ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان، 29 پارێزگایان لە دۆخی سوور و مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادان.
محەمەد رەزا زەفەرقەندی، سەرۆكی ناوەندی سیستەمی پزیشكیی ئێران لە نامەیەكدا بۆ وەزیری پەروەردە ئاماژهی بەوە داوە "دۆخەكە مەترسیدارە، بنەماڵەكان نیگەرانن و كەرتی تەندروستیش شهكهته، نابێ دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی زیاتر لە 14 ملیۆن كەسدا بكرێنەوە و چاوەڕێی دۆخێكی مەترسیدار و نەخوازراو ببینەوە".
هەروەها مورتەزا حاجی، وەزیری پێشووی پەروەردەی ئێرانیش لە توویتێكدا ناڕەزایی دەربڕیوه، نووسیویهتی، لەھیچ حاڵەتێكدا منداڵەكانی خۆی نانێرێتە قوتابخانە، تەنانەت ئەگەر ساڵێكی خوێندنیشیان بەفیڕۆبچێت.
هەر پەیوەست بەو بابەتە، رۆژی دووشەممە ژمارەیەك پەرلەمانتار واژۆیان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری پەروەردە كۆكردەوە و بڕیارە ئەمڕۆ ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێرانی بكەن، ئەو پەرلەمانتارانە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان به سەركێشییەكی گەورە ناودهبهن و دهڵێن رێگە بەو كارە نادەن.
دوای گوشارهكان، وەزارەتی پەروەردەی ئێران بڕیارەكەی دوو رۆژ پێشتری ھەڵوەشاندەوە و قوتابییەكانی سەرپشككرد لهوهی خوێندن به ئامادهبوونیان له پۆلهكان ههڵدهبژێرن، یاخود بهشێوهی ئۆنلاین بهشداری خوێندنی وانهكانیان دهبن، ئەوەش لەكاتێدایە خراپیی تۆڕی ئینتهرنێت و ھەژاری بەشێكی زۆر له خێزانهكان، وایانكردووه بهشداری بهشێك له قوتابییەكان له خوێندنی ئونلاین كارێكی دژوار بێـت.
هـ.ر.