بیرۆکەی میللیگەرای بەهەرێمکردن

Kurd24

لە ڕاستیدا بیرۆکە و پڕۆژەی بە هەرێمکردن پێش هەرشت پڕۆژەی سێنتراڵکردنی شارە بە مانا تەقلیدیەکەی و پەراوێزخستنی دووبارەی شارە کەنارەکانە، ئەم پڕۆژە چەند بەهێزیش بێت هێندە کەمخوێنە کە توانای ئەوەی نییە لەسەرپێی خۆی بوەستێ بە حوکمی کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی کوردستانی و عێراقی.

پێشتر پڕۆژە نەبوو خەونێک بوو بۆ لامەرکەزیەتی سلێمانی، بۆ شەرعیەتدان بە پرسەکە هاتن لە ڕوی زمانەوانیی و داڕشتنی میدیاییەوە هەڵەبجەو گەرمیانی بۆ زیادکرا، پرسی لامەرکەزیی وەک کارتێکی فشار سوتاو ئێستا بۆتە داواکاری و پڕۆجێکتی هەرێمی سلێمانی، ئەم کۆنسێپتەش خۆی لە بنەڕەتدا داوایەکی بەرتەسک و شارچی و ئاغاوات و میللیگەرای کۆنە لە بەرگی وشەی مۆدێرنی کەمپەین و ئیمزاو یاسادا، وەک ئەوەی گرفتی ئێمەی کورد لە باشور ، زاراوەو سیاقی وشەو زمانەوانی قەبە بێت.

دیارە ئەوانەی هەڵگری ئەم هەڵمەتە میدیاییەن هێشتا دەرک و ئاوەزیان ناگاتە ئەو باوەڕەی کە سیستمی حوکمرانی هەرێم و پڕۆژە سیاسیەکانی ناویشی، بە یاساو پڕۆژە بڕیارەکانی پەرلەمانیشەوە بەبێ تەوافوقاتی سیاسی و ڕێککەوتن ئاسان تێناپەڕێ و قۆرخە بۆ یەکێتی و پارتی بە پێی زۆرینەی ڕەهاو هێزو پاوەری شۆڕشگێڕی ئیتر ئەوە فاکتێکی زانراوە، ئیتر پرۆژەیەکی وا لە بازاڕگەرمی و مارکێتینگ بۆ مەبەستی دیکە زیاتر هیچیتر نییەو تەبلیغاتی شێرە بۆ ڕاوکردنی ئاسک.

کاتێک ئەم گروپە باسی هەرێمی سلێمانی دەکەن دەبێ ئەو دەرک و تێگەشتنە سیاس و هۆشیارییە گشتیەیان هەبێت کە هێشتا ئەو عێراقە فاشیست و شۆڤێنیزمە مەزهەبییە دانی ڕەوای نەناوە بە فیدڕاڵیەتی هەرێمی کوردستان خۆیدا بەو هەموو پایەو پاسارەوە، ئیتر چۆن ڕێگە بە هەرێمێکیتری بچوک دەدات، لەکاتێکدا هەرێمی بەسرەو ناوەراستی عێراق چەندین ساڵە ئەم دەهۆڵە دەکوتن و بێوەڵام ماونەتەوەو تابێت ئاوی خواردنەوەکەشیان سوێرتر دەبێت.

 ئەو سیناریۆیە دەرهاوێشتەو ململانێیەکی حیزبییەو قوڵایی ستراتیجی و سیاسی نییە، لەلایەکی تر حەق نییە ڕێگە بدرێت سەنگی سیمبولیکیانەی گەرمیانی ئەنفالکراو یان هەڵەبجەی ڕەمزی قوربانیان بەکاربهێنرێت بۆ ئەم پرسە، هەڵەبجە چیتر کەرەستەی تاقیگایی نییە بۆ پڕۆژەی شکستخواردووی ئەم گروپ و ئەو حیزب، باش دەزانن هەڵەبجە چەند ساڵە گیرۆدەی ئەو گەمەو نازناوە میللیگەرا بێتامانەیەو تا دێت بچوکی دەکەنەوەو بەئاستەمیش بۆنی پارێزگای لێنایەت و بەهەر هۆیەک بێت ناهێڵن پارێزگا بێت لە ڕوی کەینونەی جوگرافی و ئیدارییەوە، دەی ئەو بەهەرێمکردنەش دۆخەکەی هەڵەبجە خراپتر دەکات و ئەو برادەرانەش باش لەمە تێدەگەن.

ئەم گروپە دێن سلێمانی دەکەن بە هەرێمێکی بچوک و دیارە خەیاڵیان بۆ بە سویسراکردنی سلێمانی چوە، پیرۆزە سلێمانی چۆن جوان و زەخرەفە دەکەن، بەڵام بێئاگا لەوەی پرۆژەی فیدراڵیزەکردنی سیاسی کانتۆنات و پارێزگاکان بە بیرو جیهانبینی سیاسی قوڵ و ماستەر پلان و  زەخیرەی گەورەو کەلتوریی و لێبوردەیی و بەرنامەی درێژخایەن و توێژینەوەی زانستی دەکرێت و کردەیەکی ئاسۆیی نییە بەتەنهاو بە میدیایەک و پرێس کۆنفرانس و ڕقلێبونەوە لە بنەماڵەو هێزێکی دیاریکراو ناچێتە سەر، چونکە ڕقی سیستماتیک لە پشت هەر پرۆژەیەکەوە بێت دەیکاتە پرۆژەیەکی سادەی نزم و ڕەشۆک و نزم و شار لە مانا زانستیەکەی دوور دەخاتەوە.

پاشان هێشتا بەشێک لەو کادرە دەستڕۆشتوە ئیدارییە بیرۆکراسیانەی سلێمانی ڕێگە نادەن بەڕێوەبەرایەتییە گەورەکان بدەنەوە دەست هەڵەبجە، تا لەسەرپێی خۆی بوەستێت، هێشتا خەون بەو ڕوانگە کلاسیکییە سێنتراڵەوە دەبینن کە ئیمارەتی بابانی لەسەر دروست بوەو دەشیانەوێت بەشێک لە جاف و گۆران و ئیمارەتی شارەزوریش بخەنە سەر ئەو پرۆژەیە، ئەم تایپە دواجار بە چارەسەری موچەو بە جێبەجێکردنی باشترین بەرزەپردو تونێل و بەرزکردنەوەی نرخی شوقەو زەویەکانی تەنها بۆ سێنتەری سلێمانی کۆتایی دێت و شارەکانی تریش سفر بەدەست، ئاخر یانی چی نرخی یەک شوقە لە سلێمانی بگەیەننە ئاستی نرخی ماڵە مێژوییەکەی پاشاو عادیلەخانم و وەسمان پاشای جاف، هێشتا پرۆژەیەکی جوتساید بۆ هەڵەبجە بە شایان نازانن، خەستەخانەکانیش لە هەڵەبجە دەبێت دوکتۆرو ئەمبوڵانسی سلیمانی هەبێت، ئەرێ هەر بە هێواشی پرسیوتانە کوا نەفەق و خەستەخانەو بەرزەپردیی هەڵەبجەو گەرمیان، کوا ئەو مەرزە نێودەوڵەتیەی هەڵەبجە سازان کە بڕیار بوو بیکەنەوە، چۆن ئەم هەرێمە تازەیەتان پەیوەست نەکردوە بە مەرجی دەروازەیەکی نێودەوڵەتی بۆ هەڵەبجە، هێشتا هەر ئێوە شاری پێنجوێنیش ناخەنەسەر پارێزگای هەڵەبجە چۆن ڕوانگەی کەلتوریی هەرێم و فراوانخوازیتان پێشدەخەن؟

ھەڵەبجە هیچ پێویستی بە هەرێمێک نییە کە توانستی پاراستنی ژینگەو درەختەکانی نەبێت و ساڵ نییە ئاگری تێبەرنەدرێت بەبێ هۆکار، ئەم دروشمی بە هەرێمکردنە تەنانەت لە ڕوی یاساییشەوە مستەوای ئارگیومێنتێکی جددی نییە، پەتای پێش هەڵبژاردنە بۆ کۆمەڵێک فشاری حیزبی و پراگماتی، بۆیە هەڵەبجە کە هێشتا لە ناو فەزای ئیداری و ئورستۆکراتی شاری سلێمانیدایە، سلێمانیش بە ئارەزووی خۆی بچوکی دەکاتەوە تا ئاستی لێکردنەوەی دەشتی شارەزوریش لە جوگرافیاکەی.