شەقامێکی قەرەباڵغی بەیرووت بەناوی "شەهید قاسم سولەیمانی" دەکرێت

ئیسرائیل: تەنیا یەک پرسیارمان هەیە!

K24 - هەولێر

لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، شەقامێکی قەرەباڵغ بە ناوی "شەهید قاسم سولەیمانی" کرا، ئەمەش دەنگۆیەکی زۆری ناوەتەوە و بەشێکی شەقامی لوبنانی توڕە کردووە.

بەشێکی زۆری چالاکوانانی لوبنانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بەتوندی دژی ئەو هەنگاوەی شارەوانیی غەبیری باشووری شارەکەیان وەستاونەتەوە، بە هەنگاوێکی مەترسیدار لە قەڵەمی دەدەن، "کە پاشکۆیی لوبنان بۆ ئێران دەردەخات".

محەمەد عەلی حوسێنی، یەکێکە لە چالاکوانە سیاسییەکانی دژی حیزبوڵڵای لوبنان، لە توێتێکدا دەڵێ "ناونانی شەقامێک بە ناوی قاسم سولەیمانی لە بەیرووتی عەرەبی، نیشانەی بەکرێگیراوی و پاشکۆیەتیی ئێران و رەچاونەکردنی هەست و سۆزی لوبنانییەکان و عەرەبە، کە دەزانن سولەیمانی جێپەنجەکانی لە ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی جێهێشتووە".

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بە یەکێک لە بەهێزترین پیاوانی ئێران هەژماردەکرا، بە جۆرێک دەگوترا ئێران لە ڕێگەی فەرماندەیی سولەیمانییەوە دەستوەردان لە: عێراق، سووریا، لوبنان و تەنانەت لیبیاش دەکات. قاسم سولەیمانی لە لیستی تیرۆرستانی ئەمەریکادا بوو، بۆیە لە سەرەتای ئەمساڵ، لە 3-1-2020  بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانجی ئەمەریکا و کوژرا.

حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سولەیمانی هەبوو و لە دوای کوژرانی سولەیمانی، حیزبوڵڵا پرسەی دانا و نەسروڵڵا گوتی "سولەیمانی تەنیا تایبەت نەبوو بە ئێران، بەڵکو رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بزووتنەوەکانی بەرگری لە ناوچەکە"، هەروەها بە "فەرماندەیەکی جیهادیی ئیسلامیی گەورە" وەسفی کرد.

 ئیسرائیل: تەنیا یەک پرسیارمان هەیە!

ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل لە تویتەر وێنەی شەقامەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی تەنیا یەک پرسیارمان هەیە: لوبنان بەرەو کوێ؟

ئەفیخای دەپرسێت "ئایا حیزبوڵڵا گەیشتووەتە ئەوەی ناسنامەی لوبنان بگۆڕێت؟ ئایا وڵاتی کولتوور و شارستی گەیشتووەتە ئەوەی ناوی بکوژەکان بەسەر ناوی ئەوانەوە گەورە بکات، کە رووناکی و هیوایان بەخشییە جیهان، وەک جوبران خەلیل جوبران، شارل مالیک و فەیرووز؟".

ئەم هەنگاوە و ناونانی شەقامەکە لەکاتێکدایە 4-8-2020 تەقینەوەیەکی بەهێز بەندەری بەیرووتی هەژاند، تەقینەوەکە ئەوەندە بەهێز بوو؛ بووە هۆی کوژرانی بەلایەنی کەمەوە 165 کەس و برینداربوونی زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس، بەشێکی خەڵکی لوبنان سەرەڕای "نەبوونی پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان حیزبوڵڵا و تەقینەوەکە"، بەڵام بەشێکی تاوانەکەیان خستە ئەستۆی حیزبوڵڵا.