سه‌میر هه‌ورامی: كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌رێنین
K24 – هه‌ولێر:
سه‌میر هه‌ورامی، گوته‌بێژی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ كوردستان24 رایگه‌یاند، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، نیازی رێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕیوه.
سه‌میر هه‌ورامی گوتی: له چوارچێوه‌ی سه‌ردانی شاندی دانووستانكاری هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له وه‌زیرانی دارایی و نه‌وت و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق مسته‌فا كازمی كۆبووینه‌وه.
گوتیشی: كۆبوونه‌وه‌كان به گشتی ئه‌رێنین و به‌غدا نیازی ئه‌وه‌ی پیشانداوه به جددی كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان بكرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: لیژنه لاوه‌كییه‌كان سه‌رقاڵی گفتوگۆن بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ ئه‌و كێشانه‌ی به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه.
باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ولێر ده‌یه‌وێت رێككه‌وتنێكی درێژخایه‌ن له باره‌ی پرسی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات و ئه‌مساڵ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه مانگانه 320 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات و له به‌رامبه‌ریشدا هه‌رێم %50ی داهاتی ده‌روازه سنوورییه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ به‌غدا.
روونیشیكرده‌وه، له به‌غدا ده‌ستكراوه به داڕشتنی بودجه‌ی ساڵی داهاتوو و هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت پشكی هه‌رێم له‌و بودجه‌یه جێگیر بكات و ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی له‌و باره‌یه‌وه ده‌كرێت بكرێته بناغه بۆ ساڵانی داهاتوو و رێككه‌وتنی درێژخایه‌ن له باره‌یه‌وه بكرێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌میر هه‌ورامی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، به‌غدا سه‌رقاڵی داڕشتنی پلانی ستراتیژی سێ ساڵه‌یه و هه‌رێمی كوردستانیش هه‌وڵی چه‌سپاندنی پشكی خۆی ده‌دات.