سیسته‌می نوێی هه‌ڵبژاردن ناڕه‌زایی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌

نەیارانی سیستەمی فرە بازنەیی زیاتر دەبن

K24 - ھەولێر:

نەیارانی سیستەمی فرە بازنەیی لە ھەڵبژاردنی داهاتووی عێراق تا دێت زیاتر دەبن، ئێستا بەشێك لە لایەنە شیعەكانیش دژی ھەڵبژاردنن بە شێوەی فرە بازنەیی، گەرچی لە سەرەتادا تەنیا كورد بە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانەوە ناڕەزایی خۆیان لەو سیستەمە نوێیە دەربڕی.

ھەژار محەمەد، لێپرسراوی دەزگای ھەڵبژاردنی یەكێتی لە ھەولێر  گوتی: ئەم سیستەمە نوێیە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم زیانی گەورە بە كورد دەگەیەنێت، بۆیە دەبێ ڕابگیرێت.

بەپێی گفتوگۆكانی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، عێراق كراوەتە فرە بازنە، واتا ھەر قەزایەك ژمارەی دانیشتوانی لە 100 ھەزار كەس زیاتربێت كورسییەكی بەردەكەوێت، لەكاتێكدا لە رابردوودا عێراق یەك بازنە بوو دواتر ھەر پارێزگایەك كرا بە بازنەیەك.

ھێمن ئەسكەندەر، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان  گوتی: یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەدایە كورد بە یەك لیست لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەشداری لە ھەڵبژاردنەكاندا بكات .

چەند رۆژێكە شاندێكی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی لە بەغدا دەستیكردووە بە گفتوگۆكان سەبارەت بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكان، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان كۆبووه‌تەوە. كورد لەمەدا یەكدەنگە و دەیەوێت عێراق بكرێتە یەك بازنەی ھەڵبژاردن یان وەك ھەڵبژاردنی رابردوو ھەر پارێزگایەك وەك بازنەیەك مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.