عێراق پڕۆژهی چاكسازی ئاماده دهكات
K24 - ھەولێر:
وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی داھاتوو پڕۆژەی چاکسازی ئامادە دەکرێت و پێنج ساڵی پێوستە بۆ جێبەجێکردنی. پسپۆڕانی ئابووری و سیاسی دەڵێن: گەندەڵی لە عێراق تەواوی جومگەکانی گرتووەتەوە و بەو پێنج ساڵەش ناتوانرێت چاکسازی بکرێت.
هەمزە کاکە، شارهزایی یاسا گوتی: تا سیستەمی سیاسی عێراق نەگۆڕدرێت ئەستەمە پرۆژەی چاکسازی جێبەجێبکریت.
عێراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە كه له گەندەڵی لە پلەی یەکەمینەکاندایە، بۆیە چاکسازی لەو وڵاتەدا بە مەحاڵ دەزانرێت.
وەزیری دارایی عێراق گوتی: تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەتوانین پڕۆژەی چاکسازی ئاماده بكەين؛ بەڵام جێبەجێکردنی 5 ساڵی پێويستە.
ئەرشەد تەها، پسپۆری بواری ئابووری گوتی: لەو باوەڕەدام گەندەڵی لە عێراق سەرجەم جومگەکانی گرتوەتەوەو لە دوای ساڵی 2005وە ئەو گەندەڵیانە کەڵەکە بوونه و چاکسازیش مەحاڵە.
لە دوای ساڵی 2005وە زۆربەی داهاتەکانی عێراق بەهەدەر دەدرێن و تا دێت عێراق بەرەو داڕمانی ئابووری دەڕوات. بەشێکی زۆری هۆکارەکانی بەردەوامی گەندەڵیش دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق و ئەو سیاسەتەی عێراقی پێ بەڕێوە دەبرێت.
گەندەڵیەکانی عێراق لە بواری ئابووری و سەربازی و کارگێڕی و سیاسین؛ ھەربۆیە وەک پسپۆڕانی ئابووری و سیاسی ئاماژەی بۆ دەکەن، قووڵی و زۆریی رێژەی گەندەڵی لە عێراقدا و دۆخە سیاسی و دەستێوەردانی ھەرێمی وایکردووە وەزیری دارایی عێراق ماوەی پێنج ساڵ دیاریبکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.