ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و به‌حره‌ین كاردانه‌وه‌ی دژیه‌كی به‌دوای خۆیدا هێنا
K24- هه‌ولێر:
راگه‌یاندنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتی به‌حره‌ین، كاردانه‌وه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه و عه‌ره‌بیی به‌دوای خۆیدا هێنا و به‌شێك له وڵاتان پشتگیری له‌و هه‌نگاوه ده‌كه‌ن و به‌شێكی دیكه‌ش دژایه‌تی خۆیان نیشاندا و به ناپاكی ناوی ده‌به‌ن.
ئه‌م هه‌نگاوه بووه جێگای دڵخۆشی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ش دووپاتی كرده‌وه، "ئاساییكردنه‌وه‌ی نێوانی وڵاته‌كه‌ی و به‌حره‌ین ده‌ستپێكی سه‌رده‌مێكی نوێی ئاشتییه له ناوچه‌كه".
لای خۆشیه‌وه خالد بن حه‌مه‌د ئال خه‌لیفه، راوێژكاری دیپلۆماسی شای به‌حره‌ین و هاوكات وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته رایگه‌یاند: "ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئیسرائیل و به‌حره‌ین له به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایش، سه‌قامگیری و پێشكه‌وتنی ناوچه‌كه‌یه، نامه‌یه‌كی ئه‌رێنیش ئاراسته‌ی گه‌لی ئیسرائیل ده‌كات، به‌وه‌ی كه ئاشتی دادپه‌روه‌رانه و گشتگیر له‌گه‌ڵ گه‌لی فه‌له‌ستین باشترین رێگه‌یه و نایابترین به‌رژه‌وه‌ندیی راسته‌قینه‌یه بۆ ئاینده‌ی گه‌لانی ناوچه‌كه".
له‌مباره‌یه‌وه ئێران وه‌ك دیارترین نه‌یاری ئیسرائیل له ناوچه‌كه هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر زاری حوسێن ئه‌میر عه‌بدوللـه‌هیان، یاریده‌ده‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته راگه‌یاند و ئاساییكردنه‌وه‌ی نێوانی ئیسرائیل و به‌حره‌ینی به ناپاكی به‌رامبه‌ر فه‌له‌ستین ناوبرد.
هه‌رچی وڵاتی میسره ده‌ستخۆشی له‌و هه‌نگاوه ده‌كات و عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته پیرۆزبایی له حه‌مه‌د بن عیسا ئال خه‌لیفه، شای به‌حره‌ین كرد.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی میسر، له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ئال خه‌لیفه، سیسی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و به‌حره‌ینی به مێژوویی وه‌سف كرد و دووپاتی كرده‌وه، "ئه‌و هه‌نگاوه ده‌رگای ئاشتی و سه‌قامگیری به‌ڕووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌كاته‌وه و ده‌بێته رێخۆشكه‌رێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسی فه‌له‌ستین".
ئه‌مڕۆ له تویتێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، "له هه‌نگاوێكی مێژوویی نوێ‌دا، ئه‌مڕۆ دوو ده‌وڵه‌تی هاوڕێی و گه‌وره، ئیسرائیل و شانشینی به‌حره‌ین گه‌یشتنه رێكه‌وتنی ئاشتیانه. له ماوه‌ی 30 رۆژدا دووه‌م وڵاتی عه‌ره‌بییه ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌رپا ده‌كات".
H.B