دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان دەخەنەڕوو

"دەمانەوێت یەك ھەڵوێست بین"

K24 - سلێمانی

دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو، كە تایبەت بوو بە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگا ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان24 راگەیاند: "مادەی 15ی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، لە بڕگەی 6 دا دەڵێ پارێزگاكان پێكدێن لە چەند بازنەیەكی ھەڵبژاردن، بەڵام روون نەكراوەتەوە چەند و چۆن".

گوتیشی: "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لایەنە كوردستانییەكان لەسەر ئەو یاسایە و یاساكانی دیكە یەكھەڵوێست بن".

ھەر لەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا رزگار حەمە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتی: "دەمانەوێت لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكە لەسەر باشترین بژاردە رێكبكەوین، وەك كورد لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان پێویستیمان بە كۆدەنگی ھەیە".

ئاماژەی بەوەشدا: "تائێستا باسمان لەوە نەكردووە یەك لیست بین، بەڵام دەمانەوێت لەسەر یاساكە یەكدەنگ بین".