کازمی لە پاریس نەهاتبوو

Kurd24

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکە خاوەنی 75 گرووپی ملیشیاییە و رۆژانە هەڕەشە لە سەروەری وڵات و داودەزگاکانی حکومەت دەکەن، خەڵکی رۆشنبیر و میدیاکار و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەڕفێنن و دەیانکوژن، هێشتا خوێنی هیشام هاشمی توێژه‌ری بواری ئه‌منی و میدیاکاری بەناوبانگی عێراق لە بەغدا و خوێنی دکتۆرە رەنا لە بەسرا وشک نەبۆتەوە و کەسیش لەسەر ئەم تاوانانە دەستگیر نەکراوە، دڵنیام کازمی و حکومەتەکەی شوێنێ ئەو کەسانە دەزانن و دەبینن، هەروەها کازمی سەرۆک وەزیرانی سێیەم گەندەڵترین وڵاتی جیهانە و خزمەتگوزاریی تەندروستی و ئاو و پەروەردە و رێگاوبانی تێدا وێرانە، لە رووی مەدەنی و رۆشنبیریشەوە سەرەڕای بوونی پاشخانێکی مەزن لە رۆشنبیری و شارستانی جیاجیا، ئەوە حاڵیەتی بەدەست حوکمی چەند حزبێکەوە، کە بیروباوەڕیان سەر بە سەتەکانی تاریکییەوە.

بۆیە چەپڵە لێدان بۆ وڵاتێکی وا لە لایەن کۆمەڵێک لە خەڵکی ئێمە، جگە لە سادەیی خۆمان، بەڵام مانای لاوازی یادەوەریی میللەتێکمان پیشاندەدات، کە ساڵانێکی زۆر لەلایەن ئەو وڵاتەوە، کەمتر لە هولۆکۆستی پێنەکراوە.

 راستە لە کوردستانیش ئێمە نەمانتوانیوە دادپەروەربین و دیموکراسیەکی راستەقینە بۆ خەڵکی خۆمان بەدیبهێنین، گەندەڵیش بەقەبارەی خۆی هەبووە و هەیە، بەسەتان رەخنەی جیددیمان لە هەرێم گرتووە و دەگرین، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیه‌نێت ئێمە ئەو زەلکاوە نەبینین، کە پێی دەگوترێت عێراق. هێشتا لەم سەردەمە نوێیەی جیهان ئەوان بە ئامرازەکان و بیرکردنەوەکانی شەڕی کەربەلای ساڵی حەفتسەتەکان دەیانەوێت حوکم بکەن، خەڵک بۆ ئەو سەردەمە بگەڕێننەوە.

لە هیچ رووێکەوە هەرێم سەرەڕای سەتان کەموکوڕی گەورە، وەک گەندەڵی و دووئیدارەیی و زۆر رووەکانی تریش، بەراوردناکرێت بە عێراق و زۆریش پێشکەوتووتر و باشترە.

لەگەڵ ئەوەشدا بوونی کەسێکی وەک مستەفا کازمی بەسەرۆک وەزیران لە عێراق جێگای دڵخۆشیە، جگە لەوەی هێشتا روون نییە، ئایا کازمی چی پێدەکرێت یان ئەویش وەک ئەوانی پێش خۆی دەبێت، لەهەمووشی سەیر تر ئەوەیە، دوای هەموو ئەو ساڵە پڕ کوێرەوەری و مەینەتیانەی کە خەڵکی هەموو عێراق بە کوردستانیشەوە، هەر لە سەردەمی زەعیم قاسمەوە بۆ سەددام و دواتریش بۆ ئێستا، کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانە، چۆن ئەم میللەتە پەندی وەرنەگرت، یان تێر نەبوو لە دیداری ئەو نمایشە سیاسیە بێتامانەی، کە رۆژانە پیشانی ئێمە دەدرێن، ئەرێ بۆ جارێکیش بایە هەر باش بوو پرسیارمان لە خۆمان کردبا، ئایا کەس وەک سەددام دەچووە ناو ماڵی خەڵک و سەیری مەنجەڵی چێشتی دەکردن؟ لەو لاشەوە ئەنفال و کیمیاباران و زیندان و لە سێدارەدان بەردەوام بوون، لەگەڵ ئەوەشدا من نامەوێت بەهیچ شێوەیەک مستەفا کازمی بەو دڕندەیە بەراورد بکەم، بەڵام حەقە پێی بڵێین ئێمە و هەموو گەلانی عێراقیش چیتر پێویستمان بە و سێرک و نمایشە نییە.