پسپۆران: به‌غدا ده‌یه‌وێت كێشه‌ ده‌ستوورییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێم له‌ مووچه‌ و بودجه‌دا بچووك بكاته‌وه‌

"ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ كورد ده‌رفه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دیكه‌ نه‌بێت"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

پسپۆران و چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەنن، بەغدا بەمەبەست کێشەکانی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر لە چوارچێوەی بودجە و مووچەدا بچووك کردووەتەوە، بۆ ئەوەی کورد دەرفەتی چارەسەری کێشەکانی دیکەی نەبێت، دەشڵێن: کێشەی چارەسەرەنەکردنی بودجە و مووچە سیاسیە و دەبێت بەغدا چۆن داوا لە هەولێر دەکات پابەندی دەستوور بێت، حکومەتی عێراقیش خۆی پابەندی جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییه‌كان بێت.

سەردانەکەی کازمی بۆ ھەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ رێکەوتن گەرموگڕن، بۆیە بە تێڕوانینی چاودێرانی سیاسی؛ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ بیانویەکی نەھێشتووەتەوە و لە رێکەوتنیش نزیك بووەتەوە، بەتایبەت دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق. سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی گوتی: کێشەکانی ھەولێر و بەغدا تەنھا مووچە و بودجە نیە.

هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه‌ بێكه‌س قادر، چاودێری سیاسی لەو باوه‌ڕه‌دایه‌، بەغدا بەمەبەست ئەم گرفتەی دروستکردووە، بۆ ئەوەی كیشه‌كانی دیكه‌ له‌بیر به‌رێته‌وه‌ و کورد دەرفەتی هه‌وڵدان بۆ چارەسەركردنی کێشە ده‌ستوورییه‌کانی دیکەی نەبێت.

لە قۆناغی پێشتر و ئیستاشدا بەغدا ھەوڵیداوە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی لەگەل ھەولێر لە کێشەی مووچە و بودجەدا قه‌تیس بكات، زۆرجاریش پابەندی رێکەوتنەکان نەبووە و وەك کارتێكی سیاسی بەرامەبەر به‌ ھەرێمی کوردستان بەکاری ھێناوە، له‌م پاكێجه‌ی خواره‌وه‌دا سامان سۆرانی، پسپۆری پەیوەندییە نیودەوڵەتیەکان وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، کە ئایا کیشەی ھەولێر و بەغدا تەنھا مووچە و بودجەیە یان کێشەکان له‌ جێبەجێ نەکردنی دەستوورە؟.

حکومەتە یەك لە دوا یەکەکانی عێراق رێگەی جۆراوجۆریان گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ لاوازکردنی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی بەربەست بۆی‌، بۆیە بەغدا بە مەبەست کێشەی بودجە و مووچەی بۆ ھەرێمی کوردستان دروستکردووە پسپۆرانی سیاسیش جەخت لەسەر ئەو راستییە دەکەنەوە، کە کێشەکانی ھەولێر و بەغدا تەنھا مووچە و بودجە نیە، بەڵکو هۆكاری کێشەکان جێبەجێنەکردنی دەستوورە.

H.B