عێراق رێگە بە زیارەتکارانی ئێرانی نادات بەشداری لە چلەی عاشوورادا بکەن

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا

K24 - هەولێر

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی عێراق رێگە بە بەشداریکردنی زیارەتکارانی ئێرانی نادات لە یادکردنەوەی چلەی عاشوورا.

هەرچەندە حکومەتی عێراق بە فەرمی ئەمەی رانەگەیاندووە، بەڵام دوێنێ (شەممە، 12-9-2020) حەسەن رۆحانی، سەرۆکی ئێران گوتی: "بەهۆی مەترسیی کۆرۆنا، بەغدا بە تارانی راگەیاندووە رێگە بە چوونەناوەوەی زیارەتکارانی ئێرانی نادات".

رۆحانی لە گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی سەنتەری نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هەروەها گوتی "زۆربوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە ئێران و عێراق، رێگە نادات ئەمساڵ زیارەتکاران بچنە عێراق". ئاماژەی بەوەشدا "مەراسیمەکان تەنانەت لە ئێرانیش بەشێوەیەکی سنووردار یاددەکرێنەوە".

عاشوورا، ئەو رۆژەیە حوسێنی کوڕی ئیمام عەلی، نەوەی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) لە شەڕی کەربەلا شەهیدکرا، بۆیە شیعەمەزهەبەکان لەو رۆژەدا تاوەکو 40 رۆژ لەخۆیان دەدەن و شیوەن دەگێڕن.

 

هـ.ر.