بەوێنە... لە عێراق گۆڕی کۆچکردووان بە کۆرۆنا هەڵدەدرێتەوە

هەندێک حاڵەتی سەیر روویداوە

K24 - هەولێر

محەمەد بەهادیلی، روونیکردووەتە لە بیابانێکی گەرمی عێراق و بە دەستەکانی خۆی تەرمی باوکی لەنێو گۆڕەکەی دەرهێنایەوە، کە بەکۆرۆنا گیانی لەدەستدابوو و لە گۆڕستانێکی دوورەدەست نێژرابوو.

محەمەدی تەمەن 49 ساڵ دەڵێ "لە کۆتاییدا باوکم دەتوانێت لەگەڵ خزمەکانم بێت، لەگەڵ خێزانەکەمان بێت لە گۆڕستانە کۆنەکە". ئەو قسانەش لەکاتێکدا دەکات، کە دووبارە کەسوکارەکەی دەستیان بە شیوەن کردووە لەگەڵ بینینەوەی تەرمی لەکفننراوی باوکی.

 دوای ئەوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق ئاسانکران، بەتایبەتی ئەو رێکارانەی پەیوەندییان بە ناشتنی کۆچکردووان بە کۆرۆنا هەیە، کەسوکاری ئەو کۆچکردووانە دەستیانکردووە بە هەڵدانەوەی گۆڕی ئازیزانیان، بۆ ئەوەی لە نزیک کەسوکاریان لە گۆڕستان و شوێنی خۆیان بیاننێژن.

ماوەی چەند مانگێک بوو حکومەتی عێراق رێگەی نەدەدا ئەوانەی بە کۆرۆنا کۆچی دوایی دەکەن، لە گۆڕستانی ئاسایی بنێژرێن، لەترسی تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا. بۆیە حکومەت "گۆڕستانی تایبەت بە کۆچکردووانی کۆرۆنای" لە بیابانی نەجەف دروستکرد، لەوێش کەسانی خۆبەخش مردووەکانیان لەدووری پێنج مەتر لەیەکدی، دەناشت.

 لەکاتی ناشتنەکە، کە زۆربەی جار لە درەنگانی شەو بووە، تەنیا یەک کەس لە کەسوکاری مردووەکە رێگەی پێدەدرا لە مەراسیمەکە ئامادەبێت.

کۆچکردووانی موسڵمانی سوننە، شیعەمەزهەب و مەسیحی هەموویان بەیەکەوە لەو گۆڕستانە دەنێژران، تاوەکو 7ـی سێپتەمبەر، کە حکومەتی عێراق رایگەیاند رێگە دەدات کەسوکاری کۆچکردووەکان، تەرمەکان بگوازنەوە گۆڕستانی دیکە.

محەمەد بەهادیلی دەڵێ باوکە تەمەن 80 ساڵەکەی "زۆر قووڵ نێژرابوو، دڵنیا نیم لەوەی بە رێگەی گونجاوی ئایینی ناشتوویانە".

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە زۆرترین تووشبوو و کۆچکردووی بە کۆرۆنا تۆمار کردووە "زیاتر لە 280 هەزار تووشبوو و زیاتر لە 8 هەزار کۆچکردوو".

هەر لەدوای راگەیاندنی بڕیارەکە، خێرا خێزانی سەدان کۆچکردووی کۆرۆنا بە پاچ و خاکەناز و تابووتی نوێ گەیشتنە گۆڕستانەکە، بەڵام هەندێک حاڵەتی سەیر روویداوە، بۆنموونە منداڵەکانی ژنێکی کۆچکردوو بە کۆرۆنا، گۆڕەکەیان هەڵدایەوە بەهۆی ئەوەی ناوی لەسەر کێلەکە نووسراوە، کەچی تەرمی کوڕێکی گەنجیان لەنێودا دۆزیوەتەوە.

هەندێکی دیکە لە تەرمەکان کفن نەکراون، بۆیە خەڵکەکە توڕە بوون و رەخنە لەو لایەنە دەگرن، کە بەرپرس بووە لە ناشتنی کۆچکردووەکان، هەندێک لە کەسوکارەکانیش ئەوەندە توڕە بوون، ئاگریان لە بنکەی مردوونێژەکان بەرداوە.

سەرچاوە: AFP