ئاکشای کومار: رۆژانە میزی مانگا دەخۆمەوە

"ئەمە نهێنیی تەندروستی و ئاسوودەییمە"

K24 - هەولێر

ئاکشای کومار، یەکێکە لە بەنێوبانگترین ئەستێرەکانی بۆڵیوود و ئاشکرا کرد، رۆژانە میزی مانگا دەخواتەوە لەپێناو تەندروستییەکی باش و ئاسوودەبوونی.

کومار بەوە ناسراوە پاڵپشتی لە حیزبەکەی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەکات. حیزبەکە ساڵانە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکات بۆ پێشخستنی ئەو بەرهەمانەی لە میز و پاشماوەی مانگا ئامادەدەکرێن، کە هیندۆسەکان بە پیرۆز سەیری دەکەن.

هیندۆسەکان دەڵێن ئەو بەرهەمانەی لە میز یان پاشماوەی مانگا ئامادەدەکرێن، زۆر بەهێزن لە رووبەڕووبوونەوەی شەکرە و شێرپەنجە، هەروەها لە بەرهەمهێنانی هەویری ددان بەکاریدەهێنن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر سوودی زانستیی ئەو بەرهەمانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

کوماری تەمەن 53 ساڵ، ئەو گوتانەی لە بەرنامەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد، کە تێیدا بانگەشەی بۆ بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی دەکرد و لە بەرنامەکەشدا دوو پیاو چای سەوز دەخۆنەوە، کە لە پاشماوەی فیل لە هیندستان ئامادەکراوە.

کومار دەڵێ "من دوودڵ نەبووەم، رۆژانە میزی مانگا دەخۆمەوە بەهۆی سوودە تەندروستییەکانی... ئەمەش نهێنیی ئاسوودەبوونمە".