سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشه له بەحرەین دەکات
K24 - هەولێر
لەسەر ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوه له بەحرەین دەکات.
سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هەوڵه یەک لەدوای یەکەکانی ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل به سەرپەرشتیی ئەمەریکا و سەرۆک کۆماری ئەم وڵاته سەرناگرێت، هەوڵەکان لەلایەن موسڵمانان پێچەوانه دەکرێنەوه و ئیسرائیل لەسەر جوگرافیای وڵاتانی ئیسلامی لادەدرێت.
ئەو هەڕەشانەی سوپای پاسداران، لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوەیە کە دوێنێ (شەممە، 12-9-2020) لەلایەن بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران بڵاوکرایەوە.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا سوپای پاسداران هەڕەشە دەکات، دەڵێ "فەرمانڕەوای جەلادی بەحرێن، دەبێت چاوەڕوانی تۆڵەسەندنەوەی تووندی موجاهیدانی قودس و خەڵکی موسڵمان و بە غیرەتی ئەم وڵاتە بێت".
سوپای پاسداران پێی وایه بڕیاری ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، هەوڵی ئەمریکایه بۆ پاراستنی ئیسرائیل، هەروەها بۆ ئەوەیه دەرگای کەنداو و دەریای عەمان بەڕووی ئیسرائیلدا بکرێتەوه.
دەشڵێت "ئەم هەوڵانه هیچ دەستکەوتێکیان بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانانی نابێت و موسڵمانان تۆڵەی ئەمانه له ئیسرائیل دەکەنەوه".
راگەیەندراوی سوپای پاسداران دوای ئەوه دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، گۆڕانكاری گهوره له رۆژههڵاتی ناوهڕاست روودهدات، کە له باوهڕی هیچ كهسێكدا نییه و "ئێستاش وڵاتی بهحرهین چووهته ناو رێككهوتننامهی ئاشتیی ئیسرائیل و ئیمارات، كه 15ـی ئهم مانگه له رۆژێكی مێژووییدا له كۆشكی سپی واژۆ دهكرێت و نوێنهرانی ههرسێ وڵات ئامادهدهبن".
هـ.ر.