حەوت كچی ئێزدی رزگاربووی ده‌ستی داعش سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد

كچانی ئێزدی داوای باشتركردنی دۆخی ژیانیان ده‌كه‌ن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

حه‌وت كچی ئێزدی ئازادبوو لە دەستی داعش بە نوێنەرایەتی كچانی رزگاركراو و بەندكراو سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد، ئەوان لە دانیشتنێكی داخراودا لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان ئازارەكانی خۆیان راستەوخۆ گەیاند و دوایانكرد كاربكرێت بۆ راهێنانه‌وه‌یان و  تێكەڵكردنەوەیان لەگەڵ كۆمەڵگه‌ و باشتركردنى دۆخی دەروونیان و دابینكردنی شوێنێك بۆ حەوانەوەیان.

ملوكا، یه‌كێكه‌ له‌و كچانه‌ و تەمەنی 35 ساڵە و ماوەی 4 ساڵ لە دەستی چەكدارانی داعش بووە. وەك خۆی باسیكرد، ئەو ھیچ كات ئەو ئازارانەی ئەو سەردەمەی لە بیر ناچێتەوە. گوتیشی: من رزگارم بووە، بەڵام تا ئێستاش بنەماڵەكەم ھەر لە دەستی داعش ماون.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بە ھاوكاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەشێك لە كچانی رفێندراوی دەستی داعش رزگاریان بووە، بەڵام تاكو ئێستا بە سەدان كچی ئێزدی لە شارەكانی سووریا لە دەستی داعشدا ماون و رزگارنەكراون. ھەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئەو كچانە بۆ هه‌رێمی كوردستان و دواتر گەڕاندنەوەیان بۆ ناو خێزان و كۆمەڵگا.