توركیا: نابێت یۆنان بكەوێتە دوای ماكرۆن

K24-ھەولێر:
وەزیری بەرگری توركیا، خڵوسی ئاكار رایگەیاند، كشاندنەوەی كەشتی "عروج رەئیس" لە ناوچە ئاوییه كیشهلهسهرهكانی نێوان وڵاتەكەی و یۆنان لە رۆژههڵاتی دەریای ناوەڕاستدا ئەو واتایە ناگەیەنی كه توركیا دەستبەرداری مافەكانی خۆی بووە لەو ناوچەیە.
ئاكار لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی "ئەنادۆل" ئەمڕۆ یەكشەممە، جەختیكردەوە، لەوەی كەشتییەكە ھەندێك جووڵە و ئەركی دیكە لە ناوچەكەدا جێبەجێ دەكات بە پێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە. گوتیشی: "لە مافەكانمان لە رۆژەھەڵاتی دەریای ناوەڕاست پاشگەز نابینەوە".
ئاكار بەرپرسیارییەتی زیادكردنی گرژی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و راگرتنی دانوستانی خستە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی یۆنان، ئهویش له رێگهی بڵاوكردنەوەی چەك لە 18 دورگەی خۆیدا كە ھاودژە لەگەڵ ئەو رێكەوتنانەی لەگەڵ توركیا واژۆیكردوون.
وەزیری بەرگری توركیا داوای لە ئەسینا كرد، "دەستبەرداری ئەو رەفتارە ھەراسانكاریانە بێت، كە دەبنە مایەی زیادكردنی گرژی". جەختیشیكردەوە، " زیادكردنی گرژی و رەفتاری ھەراسانكارانە سوود بە كەس ناگەیەنێ بە تایبەتی یۆنان".
جارێكی دیكە ھێڕشێكی توندی كردە سەر ئیمانۆێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا و بە وروژاندن وھەوڵدان بۆ " نانەوەی فیتنە"تومەتباری كرد، گوتیشی: گەلی توركیا "ھیچ سەنگێك بۆ قسەكانی سەرۆكی فەرەنسا دانانێت".
وەزیری بەرگری توركیا داوای لە یۆنانییەكان كرد، "بەدوای ئەو دەستپێشخەریانەدا نەكەون كە ماكرۆن به مهبهستی خۆڕزگاركردن دەیانخاتە روو". گوتیشی: ئاشكرایە سیاسەتەكانی ماكرۆن ئیفلاسی كردووە و ھەوڵ دەدات ھەندێك رۆڵ بگێڕێت، بۆ ئەوەی ئەو شكستهی خۆی پهردهپۆش بكات".
جەختیشیكردەوە، ئەنقەرە ههمیشه لایەنگیری دانوستانە و دەیەوێت كێشەكانی ناوچەكە بەرێگهی ئاشتی و سیاسیی چارەسەر بكات و ئامادەیی توركیای نیشاندا بۆ میوانداریكردنی چوارەم كۆبوونەوەی ناتۆ سەربارەت بە رەوشی رۆژەھەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
گوتیشی: "ئێمە لە سەر حەقین و دوودڵ نابین لە گفتوگۆ و دانوستان".
سەرچاوە: ئەنادۆل