ناتەنیاھۆ: ئێمە چووینەتە سەردەم و قۆناغێکی نوێ

ناتەنیاھۆ: لەماوەی یەک مانگدا رێککەوتنی ئاشتیمان لەگەڵ دوو وڵاتی عەرەبی کردووە

K24 - ھەولێر:

بنیامین ناتەنیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمشەو بەرەو واشنتن بەڕێدەکەوێت بۆ واژووکردنی رێککەوتنی ئاشتی نێوان وڵاتەکەی و بەحرەین و رایگەیاند، لەماوەی یەک مانگدا رێککەوتنی ئاشتیمان لەگەڵ دوو وڵاتی عەرەبی کردووە و ئیسرائیل پێی ناوەتە قۆناغێکی تازەوە.

ناتەنیاھۆ گوتی: "رۆژی ھەینی جارێکی دیکە قسەم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و شا حەمەد شای بەحرەین کرد. گفتوگۆیەکی زۆر گەرموگوڕ بوو، رێککەوتین بە تەواوی پەیوەندیی ئاشتیانە لە نێوان بەحرەین و ئیسرائیل دەستپێبکەین. لە ماوەی یەک مانگدا دوو رێککەوتنی زۆر مێژووییمان لەگەڵ دوو وڵاتی عەرەبی کردووە".

گوتیشی: "ئێمە چووینەتە سەردەم و قۆناغێکی نوێ. ھەموو وەزارەتەکان لەم رێککەوتنانە سوودمەند دەبن، رێككەوتنەكە بوارەکانی ئابووری و دیپلۆماسی و زۆر بواری دیکەش دەگرێتەوە".

ئاشكراشیكرد، ئەمشەو بەرەو واشنتن بەڕێدەکەوێت بۆ واژووکردنی رێککەوتنە مێژووییەکە.