ترەمپ بۆ ئێران: هێرشەکەی ئێمە هەزار ئەوەندەی هێرشەکەتان بەهێز دەبێت

لە دوو تویتدا باسی ئێران و قاسم سولەیمانی دەکات

K24 - هەولێر

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ بەردەوام هەڕەشە لە ئێران دەکات، بەڵام ئەمجارەیان هەڕەشەکەی جیاوازە و دەڵێ "ئەگەر ئێران یەک هێرشمان بکاتە سەر، هێرشێکی دەکەینە سەر کە هەزار ئەوەندەی ئەو هێرشەیان بەهێز بێت".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا شەوی رابردوو (دووشەممە، 14-9-2020) لە دوو تویتدا باسی ئێران و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کرد، کە بە فەرمانی ئەو سەرەتای ئەمساڵ لە بەغدا کرایە ئامانجی هێزەکانی ئەمەریکا.

ترەمپ لە تویتێکدا نووسیویەتی "بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، رەنگە ئێران پیلان بۆ تیرۆرکردنێک دابڕێژێت، یان پیلان بۆ هێرشێکی دیکە لەدژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دابڕێژێت کە پەیوەندیی بە کوشتنی تیرۆرست قاسم سولەیمانییەوە هەیە. (ئۆپەراسیۆنی کوشتنی سولەیمانی) بەهۆی ئەوە ئەنجامدرا، ئەو پیلانی داڕشتبوو هێرش بکات، سەربازانی ئەمەریکی بکوژێت، (ببێتە هۆی) کوشتن و ئازارچەشتن".

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بە یەکێک لە بەهێزترین پیاوانی سەربازیی ئێران هەژماردەکرا، بە جۆرێک دەگوترا ئێران لە ڕێگەی فەرماندەیی سولەیمانییەوە دەستوەردان لە: عێراق، سووریا، لوبنان و تەنانەت لیبیاش دەکات. قاسم سولەیمانی لە لیستی تیرۆرستانی ئەمەریکادا بوو، بۆیە لە سەرەتای ئەمساڵ، لە 3-1-2020 بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانجی ئەمەریکا و کوژرا.

ترەمپ لە توویتێکی دیکەیدا هەڕەشە لە ئێران دەکات و دەڵێ "هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە لەدژی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجامبدرێت، جا هێرشەکە لە هەر جۆرێک بێت، ئەمەریکا بە هێرشێک وەڵامی دەداتەوە کە هەزار ئەوەندەی هێرشەکەی ئەوان بەهێز بێت".

 

هـ.ر.