پارێزگاری ھەڵەبجە: داوامان نەكردووە مووچە بخرێتە سەر بەغدا

"پرسی ھەڵەبجە و ھەموو كوردستان لە بەغدا یەك پاكێجە"
kurdistan24.net

K24 – ھەڵەبجە

پارێزگاری ھەڵەبجە رایدەگەیەنێت، وەك پارێزگای ھەڵەبجە و خەڵكەكەی ھیچ داوایەكیان سەبارەت بە گواستنەوەی مووچە بۆ سەر حكومەتی عێراق ئاراستەی مستەفا كازمی نەكردووە.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری ھەڵەبجە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە یاداشتی ئیدارەی ھەڵەبجە بۆ حكومەتی عێراق داوای ئەوە نەكراوە كە مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگای ھەڵەبجە بخرێتە سەر بەغدا، ھەروەھا ئەو كەسانەی كە لە ھەڵەبجە چاویان بە مستەفا كازمی كەوتووە، باسی زیانەكانی خەڵكی ھەڵەبجەیان كردووە بەھۆی كیمیاباران، كەسیان باسی مووچەیان نەكردووە".

گوتیشی: "مووچەی خەڵكی ھەڵەبجە و شارەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان لای حكومەتی ھەرێمی كوردستانە، پرسی كورد لە بەغدا وەك یەك پاكێج مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، نەك وەك پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ".

ئازاد تۆفیق، راشیگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە 17/9/2020 وەك ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجە كۆدەبنەوە و یاداشتێك ئاراستەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن، كە تایبەتە بە زەرەر و زیانەكانی ھەڵەبجە".