عێراق 10 هێندەی ئەو گازە سرووشتییە دەسوتێنێت کە هاوردەی دەکات

وتانی گازی سرووشتی بۆ 17.91 ملیۆن مەتر سێجای ساڵانە بەرزبووەتەوە

K24 - ھەولێر

عێراق 10 ھێندەی ئەو گازە سرووشتییە دەسووتێنێت كە ھاوردەی دەكات. تەنیا لە ماوەی ساڵی رابردوودا  سوتاندنی گازی سرووشتی لەلایەن وڵاتەكەوە بۆ 17 ملیار و 910 ملیۆن مەتر سێجا بەرزبووەتەوە. بۆ چوارەم ساڵی لەسەر یەكە عێراق لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانەوە دێت، كە زۆرترین گازی سرووشتی دەسووتێنن، لای خۆیەوە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی رایگەیاند، عێراق رۆژانە بڕێكی گازی سرووشتی دەسوتێنێت كە بەشی دابینكردنی وزەی كارەبا بۆ نزیكەی 3 ملیۆن ماڵ دەكات.

بانكی جیھانی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەو وڵاتانە دەكات، كە زۆرترین گازی سرووشتی دەسوتێنن و رایدەگەیەنێت، لە ماوەی مانگی تەممووزدا ، عێراق بۆ چوارەم ساڵی لەسەر یەك لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانەوە دێت، كە زۆرترین گازی سرووشتی دەسوتێنن.

لە راپۆڕتەكەدا ھاتووە، رووسیا لە سووتاندنی گازی سرووشتی لە پلەی یەكەمی جیھاندا دێت، دواتر ھەر یەك لە عێراق، ئەمەریكا و ئێران، بەگوێرەی داتاكانی بانكی جیھانی ، عێراق لە ماوەی ساڵی 2016دا ، 17 ملیار و 730 ملیۆن مەتر سێجا گازی سوتاندووە، دواتر رێژەكە لە 2019دا بۆ 17 ملیار و 910 ملیۆن مەتر سێجا بەرزبووەتەوە.

ھاوكات بەگوێرەی داتاكانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، بڕی ئەو گازە سرووشتییەی كە عێراق رۆژانە دەیسوتێنێت، بەشی دابینكردنی وزەی كارەبا بۆ نزیكەی 3 ملیۆن ماڵ دەكات، بەو پێیەی كە عێراقییەكان چەندین ساڵە دووچاری كەمی كاتژمێرەكانی كارەبا بوونەتەوە.

لەوبارەوە عاسم جیھاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، چەندین ھۆكار ھەن وای لە عێراق كردووە پەنا بۆ سوتاندنی گازی سرووشتی ببات، لەوانەش كەرتی گاز زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە تەكنەلۆژیایەكی نوێیە كە تێچوویەكی بەرزی ھەیە.

جیھاد، سوتاندنی گاز لە عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، دەرچوونی گازی ھاوتای نەوت، یەكسانە بە  بەرزبوونەوەی ئاستی بەرھەمھێنان لە وڵاتەكە، ھۆكار دووەمیش بۆ ئەو جەنگانە دەگەڕێتەوە كە لە 4 دەیەی رابردوو عێراق پێیدا تێپەڕیوە و لە ئەنجامیشدا، دامەزراوەكانی وەبەرھێنانی گازی ھاوتا داڕمان، كە لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو پلانی دامەزراندنیان بۆ دانرابوو .

ھەروەھا رایگەیاندووە، عێراق لە رێگەی سوتاندنی گازەوە ساڵانە بەبڕی 5 ملیار دۆلار زیان دەکات، بۆیە لە رێگەی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا و چین و كۆمپانیاكانی دیكە ئەنجامیدەدات، ھەوڵدەدات تا ساڵی 2025  وەبەرھێنان لە سەرجەم ئە و گازانە بكات كە ھاوتای نەوت لە كێڵگەكانی نەوت بەرھەمدەھێندرێت و دەسوتێندرێن كە زیانەكەی بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت.