واشنتن داوا دەكات گرژییەكان لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست كەم بكرێنەوە

پۆمپێیو: پێویستە ئەم كێشەیە بە رێگای بڕیارە نێودەوڵەتییەكان چارەسەر بكرێت

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ، ئەمڕۆ سێشەممە، داوای لە توركیا و یۆنان كرد واز لە زیادكردنی گرژی بێنن و جەختبكەنە سەر گەڕان بەدوای چارەسەری دیبلۆماسی بۆ ئەو ململانێیەی ھەیانە لەسەر غاز لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رادیۆی "فرانس ئینتەر" پۆمپێیۆ گوتی: پێویستە ئەم كێشەیە بەبێ بەكارھێنانی ھێزی سەربازی چارەسەر بكرێت، بە ئامرازە سرووشتیەكان و بەرێگای بڕیارە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی سەبارەت بە مافەكانی پەیوەست بەو ناوچەیە".

گوتیشی: "پێویستە مۆركی سەربازی لە ھەموو شوێنێك كەمبكرێتەوە و پەنا ببردرێتە بەر ئامرازە دیبلۆماسییەكان نەك سەربازییەكان".

وڵاتان ململانێی سەروەری لەسەر رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەكەن، چونكە مەزندە دەكرێت بە غازی سورشتی دەوڵەمەند بێت. لە كۆتایی مانگی ئابی رابردووەوە گرژی لەو ناوچەیەدا زیادیكرد؛ كاتێك ئەسینا و ئەنقەرە  مانۆڕی سەربازی ھاوتەریبیان لەو ناوچەیەدا ئەنجامدا.

فەرەنساش لە دەستپێشخەرییەكدا بە ئاشكرا پشتیوانی خۆی بۆ یۆنان دەربڕی بەرێگای ناردنی كەشتی شەڕكەر و فڕۆكەی جەنگی لە ناوچەكەدا و توركیا زۆر بە توندی ناڕه‌زایه‌تی خۆی بەرامبه‌ر به‌و ھەنگاوەی فەرەنسا دەربڕی.

لە دواییدا كەشتی كنەو پشكنینی توركی، یەكشەممەی رابردوو پاشه‌كشەیكرد و گەڕایەوە كه‌ناراوه‌كانی توركیا، كە بووە ھۆی جۆرە ھێوربوونەوەیەك لە نێوان ھەردوو وڵاتدا.

قەیرانی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست یەكێكە لە بەرنامەی كارەكانی لوتكەی ئەوروپایی، كە لە 24 و 25 ئەم مانگەدا لە برۆكسل دەبەسترێت و لەوانەشە سزا بەسەر توركیادا بسەپێنرێت.