رێككەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه
K24 – ھەولێر:
ئەمڕۆ سێشەممە، كۆشكی سپی بە چاودێری ئەمەریكا مەراسیمی واژووكردنی پەیماننامەی ئاشتیی لەگەڵ ئیمارات و راگەیاندنی ئاشتی لەگەڵ بەحرەین بەخۆیەوە بینی.
پێش واژووكردنی ھەردوو رێككەوتن، سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ بەجیا لەگەڵ ھەر یەك لە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتنیاھۆ، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، عەبدوڵڵا بن زاید كۆبوویەوە كە ئەمیان گوتی: "دەمانەوێت ئومێدی زیاتر بۆ ناوچەكەمان بھێنین".
ھەروەھا ترەمپ پێش مەراسیمەكە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەحرەین، عبدوللـەتیف زەیانی كۆبوویەوە.
ترەمپ ئاشكراشیكرد، گفتوگۆی لەگەڵ شای سعودییە، شا سەلمان و جێنشینی سعوودییه محه‌مەد بن سەلمان كردووە و جەختیشیكردەوە، كەوا "ھەردووكیان عەقڵیان كراوەیە و ئەوانیش دێنە ناو پرۆسەی ئاشتی".
ترەمپ گوتیشی: ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له ناڕه‌زایه‌تی فه‌له‌ستینییه‌كان كرد و گوتی: "فەرمانمدا بە بڕینی ئەو ھاوكارییە داراییەی ده‌ماندایه فەلەستینیەكان، چونكە ئەوان رێزمان ناگرن و درووشمی مه‌رگ بۆ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ده‌ڵێنه‌وه".
ترەمپ له باره‌ی ئێرانه‌وه دواو و گوتی: "ئێران حەز دەكات رێككەوتنمان لەگەڵ ئەنجامبدات، بەڵام من پێمگوتن با راوەستن تا دوای ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی".
ئەمڕۆ بە دەیان كەسیش لە پێش كۆشكی سپی كۆبوونەوە وەك ناڕەزایی بەرامبەر رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی په‌یوه‌ندی نێوان به‌حره‌ین و ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل‌دا و ئاڵای فەلستینیان بەرزكردبووەوه و ھاواریان دەكرد "نا نا بۆ ئاساییكردنەوە" و "ئاساییكردنەوە ھەڵخەڵەتاندنە".
تره‌مپ له میانی مه‌راسیمی واژووكردنی رێككه‌وتننامه‌كاندا رایگەیاند: "لە مانگێكدا گەیشتینە دوو رێككەوتنی ئاشتی و زیاتریش ھەیە". گوتیشی: ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین باڵیۆز ئاڵوگۆڕ دەكەن و یارمەتی یەكتر دەدەن وەك دەوڵەتانی دۆست".
ھەروەھا گوتی: باسی رۆژێكی نوێ دەكەین لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لە سایەی ئازایەتی ئەو سێ دەوڵەتەدا و رێككەوتنی دیكەی ھاوشێوەش ده‌بێت و بۆ یه‌كه‌مجار رێگه ده‌درێت موسڵمانان سه‌ردانی شوێنه پیرۆزه‌كانی ئۆرشه‌لیم بكه‌ن و ئه‌مه‌ش كارێكی بێ وێنه‌یه".
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، بنیامین ناتنیاھۆ له مه‌راسیمه‌كه‌دا گوتی: ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە و ئاشتی بۆ ماوەیەكی درێژ بەدی دێنێت"، گوتیشی: "وڵاتی دیكەی عەرەبیش ھەیە دێتە ناو رێككەوتنەكانی ئاشتی".
ئاشكراشی كرد، "ئیسرائیل ئێستا لە گۆشەگیریدا نەما و لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا زیاتر لە ھەر كاتێكی پێشوو تێكەڵ دەبێت... ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات دەبێت ھەتا ھەتایه سنوورێك بۆ ململانێی عەرەبی و ئیسرائیلی دابنێت".
لە لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، عه‌بدوڵڵا بن زاید گوتی: ئێمە ئەمڕۆ دەستی ئاشتی درێژ دەكەین و پێشوازی لە دەستی ئاشتی دەكەین.. ئاشتی رووی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت".
بن زاید سوپاسی ناتنیاھۆی كرد بۆ ھەڵبژاردنی ئاشتی و راگرتنی گرتنەخۆی زەوییەكانی فەلەستینی و گوتی: ھەموو ھەڵبژاردنێك جیا لە ئاشتی ئەنجامەكەی وێرانكاری و كارەسات دەبێت".
جەختیشیكردەوە، پەیماننامەكانی ئاشتی رێگامان دەدات زیاتر یارمەتی گەلی فەلەستین بدەین.
وەزیری دەرەوەی بەحرەینیش، عەبدوللـەتیف زەیانی گوتی: "ئەو راگەیاندنەی پشتیوانی لە ئاشتی نێوان بەحرەین و ئیسرائیل دەكات، ھەنگاوێكی مێژووییە لە رێگای ئاشتی بەردەوام.. ھاوكاری راستەقینە باشترین رێگایە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و پاراستنی مافەكان".
دوای واژووكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ش، له كه‌رتی غه‌ززه‌وه ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك ئاراسته‌ی ناوچه‌كانی ئیسرائیل كران و له سه‌ر ئاستی سیاسیش هه‌ریه‌ك له بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح و حه‌ماس و گرووپ و رێكخراوه فه‌له‌ستینییه‌كان رێككه‌وتنه‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه.
هاوكات كۆماری ئیسلامی ئێرانیش له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی به نه‌زۆك وه‌سفكرد و ئیمارات و به‌حره‌ینی به دوو كاره‌كته‌ری سێركی دۆناڵد تره‌مپن.
له لایه‌ن خۆیه‌وه، عه‌ره‌بستانی سعوودییه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ریاز به‌رده‌وامه له پشتیوانیكردنی فه‌له‌ستین و تێده‌كۆشێت بۆ چه‌سپاندنی مافی فه‌له‌ستیینییه‌كان به‌دیهێنانی مافی ره‌وایان و چاره‌سه‌ركردنی ئاشتیانه‌ی كێشه‌كان.
سەرچاوە: ئاژانسه‌كان