ئەمەریكا هێزی له دهوروبهری باڵیۆزخانهكهی له بهغدا بڵاوكردهوه
K24 – ھەولێر:
سەرچاوەیەكی ئەمنی، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئەمهریكا ھێزەكانی خۆی لە دەوروبەری باڵیۆزخانەكەی لە ناوەندی ناوچەی سەوز لە بەغدا بڵاوكردەوە.
سەرچاوەكە گوتی: ھێزێكی ئەمەریكی بە یاوەری ژمارەیەك فڕۆكە بەشێوەیەكی چڕ لە دەورووبەری ناوچەی سەوز بڵاوبوونەوە دوای ئەوەی ناوچەكە بە مووشەكێك كرایە ئامانج.
سەرچاوەكە روونیشیكردەوە، ئەو رێكارە چڕانەی گیرانەبەر، دانیشتوانی ناوچەكەی ناچاركرد لە ماڵەكانیان رابكەن لە ترسی بە ئامانجكردنیان لە لایەن ھێزە ئەمەریكاییەكانەوە.
پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاندبوو مووشكێكی كاتیۆشا ناوچەی سەوزی كردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیاندنی شانەی ئەمنی، "مووشكێكی كاتیۆشا لە ناو ناوچەی سەوز كەوتە خوارەوە و بە درووستیش بە باڵەخانەی ژمارە 31 دانیشتوان كەوت لە كۆمەڵگای قادسییەی نیشتهجێبوون". شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیاندنەكەیدا گوتیشی: كەوتنە خوارەوەی مووشكەكە ھیچ زیانێكی نەبووە".
ئاشكراشیكرد، مووشەكەكە لە گەڕەكی "حی عامل" لە نزیك مزگەوتی "ھادی" لە باشووری بەغدا ھەڵدراوە.
لاپەڕە كۆمەڵایەتییەكان ھەندێك بڕگە ڤیدیۆیان بڵاوكردەوە كە پیشاندەدات ھەندێك زیانی جیاجیا بە ئۆتۆمبێلەكانی خەڵكی مەدەنی كەوتووە لە ناو كۆمەڵگای قادسییەی نیشتەجبوون.