تەندروستیی هەڵەبجە: 500 ملیۆن دینارەکەمان بەدەست گەیشت

سوپاسی پشتگیرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە سوپاسی پشتگیرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجە و، رایدەگەیەنێت "500 ملیۆن دینارەکەمان بەدەست گەیشت".

له‌ماوه‌ی رابردوودا تیمه‌کانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا لە هەڵەبجە چه‌ند کونفرانسێکی رۆژنامه‌وانییان له‌سه‌ر نه‌بوونی بودجه‌ و هاوکاری ته‌ندروستی ئه‌نجامدا، لەبەرامبەردا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بڕی 500 ملیۆن دیناری بۆ دابینکردن.

دوێنێ (16-9-2020) لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 500 ملیۆن دینارەکە بەمەبەستی: هاوکاریی فریاگوزاریی خێرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، دابینکردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی بۆ سەنتەری گواستنەوەی خوێن بۆ هەڵەبجە دابینکرا.

لە بەیاننامەیەکیشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەڵەبجە ئەمڕۆ رایگەیاند "بە هاووڵاتییانی خۆشەویستی پارێزگای هەڵەبجە رادەگەیەنین؛ بڕی 500 ملیۆن دینار كە‌ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان تە‌رخانكرابوو بۆ سوودلێوە‌رگرتن لە‌ چوارچێوە‌ی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گەیشتووەتە‌ دە‌ستمان و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی هاووڵاتییان خەرج دەکرێت".

لەسەرەتای مانگی حوزەیرانەوە ئاماری تووشبوون بە کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە رووی لە هەڵکشانە و ئێستا گەیشتووەتە هەزار و 333، هەرەوەها تائێستا 23 کەس لەو پارێزگایە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

 

هـ.ر.