دادگای دیاربه‌كر داوای ده‌ستگیركردنی عوسمان بایده‌میر ده‌كات
K24 – ھەولێر:
داواكاری گشتی دیاربه‌كر داوای له وه‌زاره‌تی دادی توركیا كرد به فه‌رمی ئینته‌رپوڵ رابسپێرێت بۆ ده‌ستگیركردن و راده‌ستكردنی عوسمان بایده‌میر.
به‌گوێره‌ی میدیا فه‌رمییه‌كانی توركیا، داواكاری گشتی دیاربه‌كر به فه‌رمی داوای له وه‌زاره‌تی دادی توركیا كردووه پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تی "ئینته‌رپوڵ" راسپێرێت بۆ ئەوەی عوسمان بایده‌میر سیاسه‌تمه‌داری كورد و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا ده‌ستگیربكه‌ن و راده‌ستی ئه‌نقه‌ره‌ی بكاته‌وه.
به گوێره‌ی میدیاكانی توركیا، له‌ساڵی 2017وە سكاڵا له دژی بایده‌میر تۆماركراوە به‌هۆی گوتارێكه‌وه تۆمه‌تباركراوه به‌وه‌ی دژی سه‌روه‌ری توركیایە و سووكایه‌تی به توركیا كردووه.
دواتر بایده‌میر له نیسانی 2018دا له په‌رله‌مانتاری لابراوه و پاشانیش چووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی توركیا و تا ئێستا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئه‌و وڵاته.