داوای به‌ نۆته‌كردنی ئاوازه‌ كوردییه‌كان ده‌كرێت

وانەكانی دەف ناونیشانی كتێبێكی تایبەتە بە ژەنینی دەف

K24 – ھەولێر:

رابەر كوردستانی، بەرھەمی 26 ساڵەی لە بواری دەف و ژەنینی لە كتێبێكدا كۆكردووەتەوە و پێشكەشى فێرخوازانى ئامێری دەف و موزیكی كوردی كردووە. لە ماوەی یەك ساڵ كاركردن و نووسین و كۆكردنەوەی مەقاماتی تایبەت بە تەكیە و خانەقاكانی كوردستان وانەكانی دەف دەكاتە دیارییەك بۆ كتێبخانەی كوردی.

رابەر كوردستانی "نوسەر" گوتی: دەف ئامێرێكی  تەواو كوردییە و زۆر پێویست بووە كتێبی بۆ بنووسرێ و مەقاماتیش بە نۆتە بكرێن.

كۆكردنەوەی مەقاماتی تایبەت بە خانەقا و تەكیەكان و بە نۆتەكردنی لە كتێبی "وانەكانی دەف" و باسكردنی مێژووەكەی، ھەر لە سەرەتاوە تا ئێستا خزمەتە بە موزیكی كوردی و فێرخوازانی بواری دەف.

كامەران حەسەن "موزیكژەن" گوتی: ھیوا دەخوازم كار بكرێ بۆ بە نۆتەكردنی ئاوازە كوردییەكانی دیكە و ببنە موڵكی كورد.

ئەم كتێبە جیا لەوەی باس له نیشانەكان و شێوازی گرتنی دەف و چۆنیەتی ژه‌نینی دەكات. لە ھەمان كاتیشدا  یەكەمجارە بە زمانی كوردی و ئینگلیزی و بە شێوازی نۆتە پێشكەشی فێرخوازان و عاشقانى دەف و دەفژەنی دەكرێت.