لوبنانییەكان وڵاتەكەیان جێدەھێڵن

كۆرۆنا و تەقینەوەی بەندەری بەیرووت ئابووری لوبنانییەكانی سەختتر كردووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەشێكی زۆری لوبنانییەكان بۆ دەربازبوون لە دۆخی خراپی ئابووری و ھەژاری، كۆچ بۆ دەرەوە دەكەن، لەكاتێكدا ھیچ ھیوایەكیان بە باشتربوونی دۆخی وڵاتەكەیان نەماوە، لە دوای تەقینەوەی بەندەری بەیرووت و تەنیا لە ماوەی 12 رۆژدا، نزیكەی 44 ھەزار لوبنانی، لە رێگەی فڕۆكەخانەی لوبنانەوە روویان لە وڵاتانی دیكە كردووە.

كارەساتە یەك لە دوای یەكەكانی لوبنان، بوونەتە مایەی دڵەڕوكێ بۆ ھاووڵاتییانی وڵاتەكەوە، لە ماوەی رابردوودا بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و  تەقینەوەی بەندەری بەیرووت، لوبنانییەكان رووبەڕووی کارەساتێکی گەورە بوونەوە.

لوبنان كە بە سویسرای رۆژھەڵات ناسراوە، ئێستا وەك گۆڕەپانێكی پڕ كارەساتی لێھاتووە، لە ململانێی رۆژانە بۆ بەدەستھێنانی ژەمێك نان دەستپێدەكات، تا دەگاتە ھەڵبژاردنی رێگای مردن لە دەریاوە، بۆ ئەوەی لەو كارەساتە رزگاریان بێت كە بەھۆی خراپی ئابوورییەوە دروستبووە. لوبنانییەكان پێیانوایە، تەنیا رێگا بۆ رزگاربوون لە دۆخی خراپی وڵاتەكە، كۆچكردنە لە رێگەی دەریاوە، كە ئەوەش ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.

سوعاد محەممەد، ھاووڵاتییەكی لوبنانە و دەڵێ: " ھاوسەرەكەم بەھۆی ھەژارییەوە لوبنانی جێھێشت، بەڵام بەر لەوەی بگاتە قوبرس دیار نەما، ئەو ھیچ دەنگێكی نییە و كەسێك نییە بڵێ ھاوسەرەكەت زیندووە یان مردوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەر چاوەڕێی گەڕانەوە دەكەم".

بێجگە لە كۆچكردن لە رێگای دەریاوە، ئەو كەسانەی كە لە رێگەی فڕۆكەخانەوە وڵاتەكە جێدەھێڵن لە زیادبوونە، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە دوای تەقینەوەی بەندەرەكە و تەنیا لە ماوەی 12 رۆژدا، 43 ھەزار و 764 كەس لە رێگەی فڕۆكەخانەوە لوبنانیان جێھێشتووە، ھاوكات ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە دوای تەقینەوەكەی بەندەری بەیرووت روویان لە لوبنان كردووە، بەرێژەی 12.3% كەمیكردووە، لە بەرامبەریشدا ژمارەی ئەو كەسانەی كە وڵاتەكەیان جێھێشتووە بەرێژەی 36% زیادیكردووە.

خالید عەبدوڵڵا، ھاووڵاتییەكی دیكەی لوبنانە و لەبارەی دۆخی وڵاتەكەیان دەڵێت: "ئێمە چیدیكە ناتوانین لە لوبنان بمێنین، ژیان سەختە، من 17 كاتژمێر وەك ئاسایش لەبەردەم قوتابخانەیەك كاردەكەم بەرامبەر بە 3 دۆلاری رۆژانە، بەو پارەیە ناتوانم نە خۆم و نە خێزانم بەخێو بكەم، بۆیە ھەر چەند پارەی كۆچكردنەكە زۆر بێت، لە ھەوڵدان بۆ رۆیشتن ناوەستم".

لە چوارچێوەی ئەو داڕمانەی كە ئابووری لوبنان پێیدا تێدەپەڕێت و بە خراپترین ھەژماردەكرێت لە مێژووری وڵاتەكەدا، لەم دواییەدا ھەوڵەكانی كۆچكردنی نایاسایی لەلایەن لوبنانییەكانەوە زیادیكردووە، بەو پێیەی كە لە ئەنجامی داڕمانی بەھای لیرەی لوبنانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی و بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا لە بازاڕەكاندا،  لوبنانییەكان  توانای كڕینیان لاواز بووە، جگە لەوە دەیان ھەزار كەس كارەكانیان لەدەستچووە، یانیش بەشێكی زۆری سەرچاوەی داھاتیان نەماوە.

لە 4/8/2020 تەقینەوەیەكی گەورە لە بەندەری بەیرووت روویدا، بەو ھۆیەوە زیاتر لە 200 كەس كوژران و زیاتر لە 5 ھەزار كەسیش برینداربوون. قەبارەی ئەو زیانە ماددیەی بە بەیرووت کەوتووە، بە 10 بۆ 15 ملیار دۆلار دەخەملێنرێت.