سعوودیە: نابێ تا کۆتایی ئەمساڵ چاوەڕێی بازاڕی وزە بکەین

"پێویستە پێش رووداوەکان بڕیار بدەین"

K24 - ھەولێر

عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعوودیە رایگەیاند، پێویستە لەسەر وڵاتانی هەناردەکاری نەوت تاوەکو مانگی کانوونی یەكەمی ئەمساڵ چاوەڕێ نەکەن، و لە ئێستاوە رێوشوێن بگرنە بەر، بۆ ئەوەی بازاڕی وزە بگەڕێتەوە دۆخی سرووشتی خۆی.

لە دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی 22ـەمینی لیژنەی وەزاری ئۆپێک پڵەس بن سەلمان رایگەیاند، ناچار نین تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ چاوەڕێ بکەین و پێویستە پێش رووداوەکان بکەوین.

وەزیری وزەی سعوودیە گوتیشی "پابەندبوون بە کەمکردنەوەی ئەو پشکەی دیاریکراوە، کارێکی خێرخوازی نییە، بەڵکو بەشێکە لە هەوڵە هاوبەشەکانمان، بۆ ئەوەی بازاڕ هاوسەنگ بێت و لە سوودی هەموو ئەندامانی ئۆپێک پڵەس بێت".

هاوکات سەرچاوەیەک بە ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گوشار کراوەتە سەر ئەو وڵاتانەی پابەند نەبوونە وەك عێراق و نێجیریا و ئیمارات، بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر دابەزێنن و قەرەبووی ئەو زیادەیە بکەنەوە کە لە ماوەی رابردوو بەرهەمیان هێناوە، هەروەها دوا مۆڵەتی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانیش لە مانگی ئەیلوولەوە تاوەکو کۆتاتیی ئەمساڵ درێژکرایەوە.