سەرەڕای دابەزینی بەھاكەی تومەنی ئێرانی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی كۆنترۆڵ دەكات

لە سلێمانییەوە بڕێکی زۆری دۆلار بۆ ئێران دەڕوات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەھای تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلار ی ئەمەریکی بەردەوامە لە دابەزین، بەڵام چەند مانگێکە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی بووەتە شوێنی ساغکردنەوەی تومەنی ئێرانی، ھەر لەوێشەوە بە رێژەیەکی بەرچاو دۆلاری ئەمەریکی بۆ وڵاتی ئێران دەڕوات.

لەوبارەوە خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی دەڵێت "خەریکە تومەن ھەرەس بە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی دەھێنێت"، باس لەو بڕەش دەکات کە رۆژانە بە قاچاغ دێتە ئەم بازاڕەوە، ھاوکات ئێستا ئەو تومەنەی دێتە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی بە رێژەی لە 90% بۆ خوارو ناوەڕاستی عێراق دەڕوات.

چەند ھۆکارێکی سیاسیی و ئابووری لە پشت دابەزینی بەھای تومەنەوەن، کە دیارترینیان سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکایە بۆ سەر ئێران، شارەزایەکی ئابووری دەڵێ، پێشبینی دەکرێت بەھای تومەن زیاتر دابەزێت.

ئێستا 100 دۆلاری ئەمەریکی بەشێوەی نەقدی بەرامبەر بە نزیکەی دوو ملیۆن و 600 ھەزار تومەنی ئێرانییە، بەھۆی ئەم دابەزینەشەوە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کاری ئاڵوگۆڕی دراوی تومەنی ئێرانی دەکەن، لە ماوەی چەند مانگی رابردوو زیانی بەرچاویان کردووەو ھۆشداری دەدرێت کە پێویستە ھاووڵاتیان خۆیان لە کڕینی تومەن بە دوور بگرن.