دژه‌تیرۆری كوردستان ده‌ستگیركردنی 4 تۆمه‌تباری له‌ شاری هه‌ولێر راگه‌یاند

"هه‌موو رێوشوێنێكى ياسايى ده‌گرينه‌به‌ر بۆ بنبڕكردنى ئه‌م ديارده‌يه"

K24- هه‌ولێر:

دژه‌تیرۆری كوردستان ده‌ستگیركردنی 4 تۆمه‌تباری راگه‌یاند، كه‌ بازرگانیانییان به‌ كه‌لوپه‌لی قاچاغه‌وه‌ كردووه‌ و له‌ رێگه‌ی نایاساییه‌وه‌ چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو و هێلكه‌ و ده‌رمانی ماوه‌ به‌سه‌رچوویان هاورده‌ی ناو شاری هه‌ولێر كردووه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی دژه‌ تیرۆری كوردستان:

دەستگیرکردنى چوار كه‌س به‌تۆمه‌تى بازرگانيكردن به‌ (چه‌ك و ده‌رمان و هێلكه‌)ى قاچاغ

له‌ درێژه‌ى هه‌وڵى بنبڕكردنى ديارده‌ى هه‌ر كارێكى ناياسايى و قاچاغ، له‌ هه‌فته‌ى رابردوو چوار كه‌س له‌لايه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى ئاسايشى هه‌ولێر ده‌ستگير كرا‌ن وه‌ك له‌ خواره‌وه‌ ئاماژه‌‌ به‌ ناوه‌كانيان و ورده‌كارييه‌كان دراوه‌:

  1. لە شه‌وى (10 له‌سه‌ر 11-9-2020)، كه‌سێك به‌ناوى (ئيبراهيم سه‌ردار حه‌سه‌ن) - دانيشتووى شارى هه‌ولێر - گه‌ڕه‌كى مامزاوه كه‌ كارى كڕين و فرۆشتنى هێلكه‌ ده‌كات، ده‌ستگير كرا به‌ تۆمه‌تى هه‌وڵى هێنانە ناوەوەى بڕى (84) کارتۆن هێلكه‌ى قاچاغ بۆ شارى هه‌ولێر ‌لە رێگاى بازگه‌ى هيران - شه‌قڵاوه‌ به‌ ئۆتۆمبێلى جۆرى بارهه‌ڵگر ژماره‌ (192771/هه‌ولێر).
  2. له‌ رێكه‌وتى (13-9-2020)، كه‌سێك به‌ناوى (ئارام عه‌ونى كه‌ريم) - دانيشتووى شارى هه‌ولێر - گه‌ڕه‌كى ژيان – پيشه: پۆليس ده‌ستگيركرا به‌ تۆمه‌تى هه‌وڵى هێنانه‌ ناوه‌وه‌ى بڕى (7) كيسه‌ى گه‌وره‌ى كرێم و مه‌رهه‌مى كۆزماتيكى قاچاغ و ماوه‌ به‌سه‌رچوو بۆ شارى هه‌ولێر لە رێگاى بازگه‌ى دێگه‌ڵه‌وه‌.
  3. 3. له‌ رێكه‌وتى (14-9-2020)، دوو كه‌س له‌لايه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى ئاسايشى هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگير كران به‌ تۆمه‌تى كارى قاچاغچيێتى چه‌ك به‌ناوه‌كانى:

أ- (مسته‌فا سه‌عيد محه‌مه‌د حه‌مه‌د ئه‌مين)، ناسراو به‌ حاجى هه‌رووتى - دانيشتووى هه‌ولێر- گه‌ڕه‌كى هه‌ولێرى نوێ - له‌ ماڵه‌كه‌يدا ده‌ستگيرا به‌سه‌ر 1250 دانه‌ ده‌مانچه‌ى توركى قاچاغ.

ب- (سه‌ڵاح به‌هرام تاهير حه‌سه‌ن)، دانيشتووى هه‌ولێر - گه‌ڕه‌كى كورانى رێگاى مه‌خموور - پێشه‌: پێشمه‌رگه‌ى خانه‌نشينى يه‌كه‌ى (70)، له ‌ماڵه‌كه‌يدا ده‌ستگيرا به‌سه‌ر 10 دانه‌ ده‌مانچه‌ى توركى قاچاغ.

ئێمه وه‌ك دژه‌ تيرۆرى كورستان دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌، كه‌ به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تييه‌كانى ئاسايش له‌ چاودێريكردن و به‌شوێنداچوونى ديارده‌ى هێنانى ده‌رمان و خۆراكى قاچاغ و ماوه‌به‌سه‌رچوو‌ و هه‌ر كارێكى ناياسايى كه‌ زيان به‌ ته‌ندروستى هاووڵاتيانى هه‌رێمى كوردستان و ئابوورى و ئاراميى هه‌رێم بگه‌يه‌نێت، به‌رده‌وام ده‌بين و هه‌موو رێوشوێنێكى ياسايى ده‌گرينه‌به‌ر بۆ بنبڕكردنى ئه‌م ديارده‌يه‌.

H.B