چین رێوشوێن دژی گەمارۆکانی ئەمەریکا دەگرێتەبەر

چین کاروباری کۆمپانیا بیانییەکان سنووردار دەکات

K24 - ھەولێر

حکومەتی چین رایگەیاند، رێوشوێنی تایبەتیان بۆ سنووردارکردنی چالاکی کۆمپانیا بیانییەکان دەرکردووە، کە ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەکە لە دژی سزاکانی ئەمەریکا بەرامبەر کۆمپانیاکانی چین و لەسەرووشیانەوە کۆمپانیای هواوی.

لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان واشنتن و پەکین، لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی چیندا ئاماژە بە هیچ کۆمپانیایەکی بیانی بە دیاریرکراو نەکراوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی باج بەسەر کۆمپانیا بیانییەکان دەسەپێنێت یاخود بەربەست بۆ چالاکی وەبەرهێنانەکانیان لە چین دروست دەکات، وەک هێنانی کارمەند و ئامێرەکانی پیشەسازی بۆ وڵاتەکە.

وەزارەتی بازرگانی چین رایگەیاند، لیستەکەیان ئەو کۆمپانیایانە لەخۆدەگرێت، کە سەروەری نیشتمانی چین ناشیرین دەکەن، لەرووی ئاسایش و گەشەوە لە بەرژەوەندی خۆیانەوە بەکاریان دەهێنن، یاخود یاساکانی ئابووری بازرگانی پێشێل دەکەن.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی بازرگانی چین لە کاتێکدایە، ئەمەریکا لە سبەی یەکشەممەوە داونلۆدکردنی هەردوو ئەپلیکەیشنی تیک تۆک و وی چات قەدەغە دەکات، کە سەر بە هەردوو کۆمپانیا بایت دانس و تێنسێنتی چینین.