145 دۆنم زەویی ئامێدی بە کونجی چێنراوە

"بەرهەمی ئەمساڵ باشترە و زیاترە"

 K24 - هەولێر

نزیکەی 145 دۆنم زەوی لە ئامێدی بە کونجی چێنراوە، جووتیارانی دەڤەرەکەش دەڵێن بەرهەمی کونجیی ئەمساڵیان باشترە و بڕەکەشی زیاترە.

خوشەوی سەلیم، جووتیارێکی گوندی سەرگەلێ لە دەڤەری نهێلیی سەر بە قەزای ئامێدی دەڵێ "کونجی یەک جۆری هەیە، بەڵام لە دوو وەرز دەچێنرێت، ئەوەی بەهار زووتر هەڵدەکێشرێت، بەڵام ئەوەی پاییزەییەکە زیاتری دەوێت و باشتریشە".

ساڵانە رنینی کونجی لەو گوندەدا بە هەرەوەزی دەکرێ و هەر رۆژە و تەرخان دەکرێت بۆ بەرهەمی جووتیارێک، تاوەکو لە وادەی دەستنیشانکراودا کاریان تەواو بێت.

ساڵ بە ساڵ جووتیارانی سنووری دەڤەری ئامێدی رووبەری چێنراو بە کونجی زیاد دەکەن، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان 24، ئەمساڵ نزیکەی 145 دۆنم زەوت بە بەرهەمی کونجی چێنراوە و جووتیاران دەڵێن بەرهەمی کونجیی ئەمساڵیان کوالێتیی بەرزترە.