مێرمنداڵێکی شیلادزێ "دوای تووشبوونی بە تالاسیمیا لەسەر پێی خۆی دەوەستێت"

لەگەڵ باوکی دەستی کردووە بە کارکردن بۆ بیرچوونەوەی نەخۆشییەکەی


K24 - شیلادزێ

مێرمنداڵێکی دانیشتووی شیلادزێ، چوار ساڵە تووشی تالاسیمیا بووە، هەرچەندە نەخۆشییەکەی لە چەند چالاکییەکی ئاسایی هاوتەمەنی خۆی دووریخستووەتەوە، بەڵام هێزی پێداوە لەسەر پێیەکانی خۆی بووەستێت.

ئەیمەن شەوکەت تەمەنی 16 ساڵە، خۆی نەداوەتە دەست نەخۆشییەکەی و ئێستا لەگەڵ باوکی خواردنگەیەکی داناوە و دەڵێ کار لە بێکاری گرنگترە و بەو شێوەیە نەخۆشییەکەم لەبیر دەچێتەوە.

ئەیمەن باسی نەخۆشییەکەی دەکات بۆ کوردستان24 و دەڵێ "من، هەڵگری تالاسیمیام، سوپاسی خوا دەکەم ئەمە چارەنووسی منە. مانگی جارێک دەچینە دهۆک بۆ پشکنین، چونکە چەندین جار لە ماڵ و قوتابخانە تووشی سەرسوڕان بووم".

باوکی ئەیمەن، لەسەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانی تالاسیمیا لە کوڕەکەی، زۆر هەوڵیداوە چارەسەری بکات، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی دەبێت نەخۆشییەکەی لەبیربباتەوە.

شەوکەتی باوکی ئەیمەن دەڵێ "کوڕەکەم لێرە کاردەکات بۆ ئەوەی نەخۆشییەکەی لەبیر بچێتەوە و بیری لای هاوڕێکانی و یاریی تۆپی پێ نەبێت، چونکە ئەو ناتوانێت ئەوانە بکات، بۆیە دەسەڵاتمان نییە و ئەوەندە هەیە لێرە کاربکات و نەخۆشییەکەی لەبیربچێتەوە".

زۆرجار پزیشکان دەڵێن بەرگری نیوەی چارەسەری نەخۆشییە، ئەیمەنیش کە لە بەهاری تەمەنییەتی لە هەوڵدایە بەو بەرگرییە ژیانی خۆی گەشتر بکات.

 

هـ.ر.