ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێرەوە

بە دوو رێگە کێشەی خوێندنەوەی هەوا لە پێوەری ئاو چارەسەر دەبێت

K24 - هەولێر

هەر ماڵێک پێوەری ئاو نەبەستبێت، لەمەودوا دەبێت مانگانە 100 هەزار دینار بدات، تاوەکو ئەو کاتەی پێوەرەکە دەبەستێت، بەڵام کێشەیەک هەیە، کە بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە دوو رێگە چارەسەر دەکرێت.

1-9-2020 دوا مۆڵەت بوو بۆ هاووڵاتییان تاوەکو سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بکەن بۆ بەستنی پێوەری ئاو، لەدوای ئەو کاتەشەوە، هەر ماڵێک پێوەرەکە نەبەستێت، مانگانە 100 هەزار دینار سزادەدرێت.

وادەی دیاریکراو بۆ بەستنی پێوەری ئاو، پێشتر چەند جارێک لەسەر داوای ئەنجوومەنی پارێزگا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پەرلەمانتارانەوە بەهۆی دۆخی ئابووریی نالەباری هاووڵاتییان، درێژکراوەتەوە.

بەگوتەی ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر "لە 1-9ـەوە هەر هاووڵاتییەک سەردانی بکرێت، پێوەری نەبێت، کرێی ئاوی مانگانەی 100 هەزار دینار دەبێت، تاوەکو پابەند دەبێت بە بەستنی پێوەرەکە".

چارەسەرکردنی کێشەی خوێندنەوەی هەوا

بەشێکی هاووڵاتییان پێشتر کێشەیان لە پێوەری ئاوی ماڵەکانیاندا هەبوو، بەجۆرێک زۆری دەخوێندەوە، ئەمەش وەکو ئاری ئەحمەد باسی دەکات، بەهۆی خوێندنەوەی هەوا بووە.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر دەڵێ "ئەو پێوەرەی ئاو میکانیکییە، 60 بۆ 70٪ـی جیهان بەکاردەهێنن لەوانە وڵاتانی دەوروبەریشمان، بۆ نموونە لە عەمان هەفتەی دووجار، هەرجاری دوو کاتژمێر ئاو بەردەدرێتەوە، بە دڵنیاییەوە هەوایەکەش دەخوێنێتەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش دوو رێگا هەیە".

یەکەم رێگە وەکو ئاری ئەحمەد باسی دەکات "قفڵێکی بچووک دادەنرێت پێی دەگوترێت ئەیر-ڤاڵ، واتا هەواکەی نێو بۆڕییەکە بەتاڵ دەکات. هەروەها رێگەیەکی دیکە ئەوەیە بڕی ئەو هەوایەی لە بۆرییەکەوە دێت، لەڕێگەی دانانی پێوەری دیکە لەجۆری ئەلتراسۆنیک و ئەلیکترۆماگناتیک بپێورێت، واتا بزانین بۆ هەر ناوچەیەک چەند هەوا دەردەچێت، ئەو بڕە حساب نەکەین".

ئامانجی حکومەت لە دانانی پێوەری ئاوی ماڵان ئەوەیە؛ هەمووان پابەند بن بۆ ئەوەی بەفیڕۆچوونی ئاو کەمببێتەوە، کە ئێستا بەهۆی زۆریی بەفیڕۆدانی ئاو لەلایەن بەشێکی هاووڵاتییانەوە، ناتوانرێت رۆژانە 24 کاتژمێر ئاو بۆ هەموو شوێنێک دابینبکرێت.

هـ.ر.