حكومەت راپۆرتی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەداتە پەرلەمان

لەسەر ئاستی ھەر بڕگە و ماددەیەک چی کراوە و رێڕەوی جێبەجێکردنەکەی چۆن بووە؟


K24 - هەولێر

کۆتایی ئەم مانگە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان راپۆرتی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

راپۆرتەکە پەیوەستە بە بڕگە و ماددەکانی یاساکە و تێیدا روونکراوەتەوە؛ لەسەر ئاستی ھەر بڕگە و ماددەیەک چی کراوە و رێڕەوی جێبەجێکردنەکەی چۆن بووە؟ راپۆرتەکە لە لایەن لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادەکراوە.

عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ "راپۆرتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پەیوەستە بە بڕگە و مادەکانی، واتا لەسەر ئاستی هەر بڕگە و ماددەیەک تائێستا چی کراوە، ئێمە پێشتر راپۆرتێکمان پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کردبوو... ئێمە پابەندین بە خودی یاساکە و هەر بڕگە و ماددەیەک لە یاساکە هاتبێت دەبێت 100٪ جێبەجێ بکرێت، بەشێکیان بەتەواوی جێبەجێ بوون، هەندێکیان بەشێکی جێبەجێ بووە، یان لە قۆناغی جێبەجێکردندان، راپۆرتەکە کۆمەڵێک ئامار و داتای لەوبارەیەوە تێدایە".

ھەر سێ مانگ جارێک حکومەتی ھەرێمی کوردستان راپۆرت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بۆ پەرلەمانی کوردستان دەنێرێت، ئەمە رێککەوتنێکی حکومەتە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان، وەکو لایەنێکی سەرەکیی چاودێریکردنی پرۆسەکە.

عەبدولسەلام دۆڵەمەری، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان لەمبارەیەوە دەڵێ "ئەمە رێککەوتنێکی نێوان جەنابی سەرۆکی حکومەت و لیژنەی دارایی پەرلەمان بوو، کە سێ مانگ جارێک پێشڤەچوونەکانی یاسای چاکسازی، پەرلەمان بە راپۆرتێک ئاگادار بکەنەوە، هەموومان دەزانین سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی جدین لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، کە یاسایە و وەکو یاساش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".