عێراق و یەكێتی ئەوروپا سێ رێككەوتن واژۆ دەكەن

وەك پاڵپشتیە بۆ دارایی عێراق دەگرێتەوە

K24 - ھەولێر

بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و پاڵپشتی ئابووری و وزە، سێ رێككەوتن لە نێوان عێراق و یەكێتی ئەوروپا واژۆدەكرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، سێ رێككەوتنی نوێ لەنێوان عێراق و یەكێتی ئەوروپا واژۆكرا، كە ئەوەش لەچوارچێوەی ھەماھەنگییە ھاوبەشەكانی نێوان ھەردوولایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێكەوتەكانی كۆرۆنا و ھەروەھا پاڵپشتیكردنی ئابووری و وزە و گەڕانەوەی ئاوارەكان.

رێككەوتنەكەش لەنێوان خالید نەجم وەزیری پلاندانانی عێراق و مارتن ھۆس باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق واژۆكرا.

خایلد نەجم، وەزیری پلاندانان  لە لێدوانێكدا دوای رێوڕەسمی واژۆكردنەكە رایگەیاند، ئەو رێككەوتنە نوێیە خۆی لە پێشكەشكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ عێراق دەگرێتەوە، تاوەكو رووبەڕووی لێكەوتەكانی كۆرۆنا ببێتەوە، ھەروەھا بووژانەوەی ئابووری و ژێرخان لە رێگەی رەخساندنی ھەلیكار و باشتركردنی داھاتی تاكە كەسی، بێجگە لە دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ وڵاتەكە، جەختیشیكردەوە، لەسەر درێژكردنەوەی كاركردن بە رێكەوتنی وزە گەیشتنە رێككەوتن، كە خۆی لە كاركردن لە نوێكردنەوەی كەرتی وزە بەھەماھەنگی بانكی جیھانی دەگرێتەوە بەو ئامانجەی كە چاكسازی لە كەرتی كارەبا و گازدا بكرێت.

لای خۆیەوە مارتن هوس باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق جەختیكردەوە، عێراق بە یەكێك لەو وڵاتانە دادەنرێت كە ئەولەویەتی لە پلانی بەدەمەوە ھاتنی جیھانی ھەیە .

هوس ئاماژەیدا، یەكێتییەكە لە پەرەپێدانی كەرتی كشتووكاڵ لە ناوچەی نەینەوا بەشدارە، بێجگە لە ئەوەی ھەموو ھەوڵێك دەدرێت كە ئاوارەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق ھەروەھا گوتی، ژمارەی ئەو پڕۆژانەی كە یەكێتییەكە بۆ پاڵپشتی پەرەپێدان لە عێراق ئەنجامیدەدات، لە 2016ـەوە تاوەكو 2024  دەگاتە 69 پڕۆژە.