عێراق 8 ملیۆن ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ چین ده‌كڕێت

تێچووی ڤاكسینه‌كه‌ بۆ هه‌ر نه‌خۆشێك 10 دۆلاره‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

عێراق بڕیاری داوە ڤاکیسینی کۆرۆنا لە چين بکڕێت و لە هەنگاوی یەکەمشدا 8 ملیۆن ڤاکسین لەو وڵاتە دەکڕدرێت، بڕیارە سێ مانگی دیکە ڤاکسینەکە بگاتە عێراق بەشێك لەو ڤاکسینانە بۆ هەرێمی کوردستانە.

له‌و باره‌شه‌وه‌ فارس بريفكانى، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی له‌ پەرلەمانی كوردستان ئاشکرایكرد، لەگەڵ وەزیری تەندروستی و پسپۆران گەشتوینەتە ئەو بڕیارەی ڤاکسینە چينيیه‌کە بەکاربهێنن و پشکی هەرێمی کوردستانیش لەو ڤاکسینە بدەن.

له‌كاتێكیشدا کڕینی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵە و دەبێت ئەو گرێبەستی کڕینی ئەو ڤاکیسینە بکات و بەپێ دەستووریش پشکی هەرێمی کوردستان لەو ڤاکسینە دەدرێت، چیمه‌ن ته‌ها، بەڕێوەبەری گشتی خۆپارێزی لە وەزارەتی تەندروستی جه‌ختی كرده‌وه‌، کڕینی ڤاکسین بابەتێکە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتیمانییه‌وه‌ هەیە و حکومەتی فیدراڵ دەبێت ڤاکسینەکە بکرێت و ئەوان ناتوانین سەربەخۆ ڤاکسین بکڕن.

ڤاکسینەکەی چين لە ماوەی دوو هەفتەدا دوو جار بۆ نەخۆش بەکار دەهێنرێت و تێچووی هەر دوو جارەکە 10 دۆلار لەسەر نەخۆش دەکەوێت، بەڵام دیار نیە عێراق بۆ کڕینی ئەو ڤاکسینە بەچەند گرێبەستەکەی کردووە، بەشێك لەو ڤاکسینانە پشکی هەرێمی کوردستانە و دیار نیە، حکومەتی عێراق چەندی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

H.B