دواین مۆڵەت بۆ بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان بە هاووڵاتیان دەدرێت
K24 - ھەولێر:
دوایین مۆلەت بۆ بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان بە ھاووڵاتییان دەدرێت و بەڕێوبەرایەتی ئاوی ھەولێریش ئاگاداری ھاووڵاتییان دەكاتەوە، کە بە زوترین كات پێوەری ئاو ببەستن و رایدەگەیەنێت، لە ئەگەری نەبەستنی پێوەرەكە ھاووڵاتی خۆی بەرپرسیار دەبێت و سزای دارایی دەدرێت. بەشێك لە ھاووڵاتیانیش ئەو پێوەرە بە گونجاو دەزانن و هیواداریشن بە دانانی پێوەر كێشەی بەفڕۆدانی ئاو چارەسەر بكرێت.
لە ساڵی 2015 دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵەكان و سەرجەم فەرمانگاكانی ههرێمی كوردستان بووەتە بڕیارێك لە لایەن بەڕێوبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆكانی ھەرێمی كوردستان. گەرچی ئەم بڕیارە لە ساڵی 2018 كەوتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام تا كو ئێستا بەشێك لە ھاووڵاتیان ئەم پێوەرەیان بۆ ئاوەكانیان نەبەستووە. بەڕێوبەری ئاوی ھەولێر ئاماژە بە دوایین مۆڵەتی بەستنی پێوەرەكان دەكات و لە ھەمانكاتیش باسی چارەسەری كێشەی پێوەرەكان دەكات كە لە رابردوو ھەبووه.
بە گوێرەی ئاماری كۆمپانیای تایبەت بە بەستنی پێوەرەكان لە ھەولێر ژمارەی ھاوبەشەكان 248 ھەزار پێوەرە و لە ھەولێر 200 ھەزار كەس پێوەری ئاویان بەستووە. ھاووڵاتیانیش بەستنی پێوەری ئاو بە گونجاو دەزانن بۆ كەمتر بەكارھێنانی ئاو و لەو بڕوایەدان ئاو بەمجۆرە بە فیڕۆ ناڕوات.
بە مەبەستی بە فیڕۆنەدانى ئاو لە ھەرێمی كوردستان سیستەمی دانانی پێوەری زیرەك بۆ ماڵەكان بۆ پابەندبوونی زیاتری ھاووڵاتیان دانراوە و بەڕێوبەرایەتی ئاویش دوایین مۆڵەت دەداتە ھاووڵاتیان، كە بە زووترین كات سەردانی بەڕێوبەرایەتی ئاو بكەن بۆ بەستنی ئەو پێوەرە و لە ئەگەری نەبەستنی پێوەرەكە ھاووڵاتی دەبێت مانگانە 100 ھەزار دینار بدات.