هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای شنگال دەدرێت

"هەندێک گرووپ و لایەن لە پشت گۆڕینی دیمۆگرافیای شنگالن"
kurdistan24.net

K24 - دھۆك

هەوڵێک بۆ دابڕاندنی شنگال لە لالش و هەرێمی کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە هەیە. شنگالییەکانیش دەڵێن ئەم هەوڵە لەلایەن هەندێک گرووپ و لایەنەوە بە پاڵپشتی دەستێکی بیانییەوە کاری بۆ دەکرێت.

شنگالییەکان دژی ئەم هەوڵە دەوەستنەوە و داواش دەکەن شنگال لە کوردستان و لالش دانەبڕدرێت.

لەوبارەوە بەرەکات سەیدۆ، كەسایەتی شنگال بە كوردستان24ی گوت: "شنگال بەشێكە لە كوردستان، بە بڕوای من كەس ناتوانێت شنگال لە كوردستان جیا بكاتەوە، داوا لە حكومەتی ناوەندی دەكەین كۆتایی بە یارییەكانی ئەو گرووپانە بێنێت كە ھەوڵ بۆ جیاكردنەوەی شنگال لە كوردستان دەدەن، چونكە ئێمە ھیچ كات لە ھەرێمی كوردستان جیانابینەوە".

وەك شنگالییەكان دەڵێن، ھەر ھەوڵێك بۆ جیاكردنەوەی شنگال لە ھەرێمی كوردستان رەتدەكەنەوە. سلێمان فانۆ، یەكێكە لە كەسایەتییە دیارەكانی شنگال دەڵێ: "ئێمە دەمانەوێت مان و نەمانمان لەگەڵ كوردستان بێت".

ھەر پەیوەست بەو پرسە پارێزەر سوزان خودیدا جەختدەكاتەوە: "شنگال بەشێكە لە ھەرێمی كوردستان، ئێمە شنگال بە بەشێكی سەرەكی و گرنگی كوردستان دەزانین، ئەو كەسانەشی ھەوڵ بۆ جیاكردنەوەی دەدەن، ئەوان خۆیان بە نایاسایی و ناشەرعی لە شنگال نیشتەجێبوونە".

لە 3/8/2014 داعش شنگالی داگیركرد، ئەمەش بووە ھۆكارێك كە چەند ھێزێكی بیانی بێنە ناوچەكە، بۆیە دوای ئازادكردنی شنگال و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، تائێستا ھەندێك لە گرووپ و ھێزی بیانی لە شنگال نیشتەجێن. بەگوتەی بەرپرسانی ئیداری شنگال ئەمەش بووەتە ئاستەنگ بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵك بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.