سەرۆك بارزانی: پێزانینم هەیە بۆ رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی گەلەكەمان

سەرۆك بارزانی بە بۆنەی 50مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە

K24 – ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی، لە پەیامێكیدا بەبۆنەی 50مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان رایگەیاند: "پێزانینم هەیە بۆ رۆڵی بەرزی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی گەلەكەمان چ لە رووی بڵاوكردنەوەی بیروڕای خوداناسی و قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان".

لە بەشێكی پەیامی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "رۆڵی مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە برەودانی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و قبووڵنەكردنی ستەمكاری لە مێژووی میللەتەكەماندا بەرچاو و دیارە و لەو رێگەیەدا قوربانیشیان داوە. هەمیشە و لە گشت قۆناغ و تەحەددیاتەكاندا ئەو چاوەڕوانییە لە یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستایان و گەورەپیاوانی ئایینی كوردستان هەیە كە لە رۆڵی پیرۆزی خۆیان بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا و بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی مرۆڤسالاری و میانڕەوی و قووڵتركردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری بەردەوام بن".

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی پەنجاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان:...

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.

پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵی بەرزی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی گەلەكەمان چ لە ڕووی بڵاوكردنەوەی بیروڕای خوداناسی و قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی و ئینكار لە ناو خەڵكی كوردستاندا. جگە لەوانەش ڕۆڵی مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە برەودانی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و قبووڵنەكردنی ستەمكاری لە مێژووی میللەتەكەماندا بەرچاو و دیارە و لەو ڕێگەیەدا قوربانیشیان داوە.

هەمیشە و لە گشت قۆناغ و تەحەددیاتەكاندا ئەو چاوەڕوانییە لە یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستایان و گەورەپیاوانی ئایینی كوردستان هەیە كە لە ڕۆڵی پیرۆزی خۆیان بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا و بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی مرۆڤسالاری و میانڕەوی و قووڵتركردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری بەردەوام بن.

لەم یادەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەخوازم لە ئەرك وكارەكانیاندا كە لە ژیان و چارەنووسی گەلەكەماندا ئەرك و كاری پیرۆز و كاریگەرن.

مسعود بارزانی

21ـی ئەیلوولی 2020