قایمقامی شنگال: تەقینەوەكەی شەوی رابردوو سیناریۆ بوو

"ھێزە ناشەرعییەكان دەیانەوێت خەڵك بترسێنن و نەگەڕێتەوە شنگال"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

قایمقامی قەزای شنگال رایدەگەیەنێت، تەقینەوەكەی شەوی رابردووی شنگال لە نزیك مەزاری شەرفەدین، سیناریۆیە بۆ ترساندنی خەڵكی شنگال، بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە ناوچەكە.

مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال بە كوردستان24ـی راگەیاند: "رەوشی ئەمنی شنگال خراپە، كاتێك كە خەڵكی شنگال بڕیاریاندا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چەندین پیلان جێبەجێ كران، تەقینەوەی شەوی رابردووش یەكێك بوو لەو پیلانانە، كە مەبەست لێی ترساندنی خەڵكی شنگالە".

گوتیشی: "لەسەر تەقینەوەكەی شەوی رابردوو چەند سیناریۆیەك دروست كران، یەكێك لە سیناریۆكان دەڵێ، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی بووە و ئۆتۆمبێلێكی كردووەتە ئامانج، بەڵام پسپۆرانی سەربازی رەتیدەكانەوە ئەوە راست بێت".

قایمقامی شنگال، ئاماژەی بەوەشدا: "ھەرێمی كوردستان دڵسۆزانە بەرگری لە مەزاری شەرفەدین كرد، بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەستی داعش، كەچی ئێستا ھێزە ناشەرعییەكان لە شنگال تەقینەوە لە نزیك ئەو شوێنە پیرۆزەی ئێزدییەكان ئەنجامدەدەن، بۆ ئەوەی خەڵكی شنگال نەگەڕێنەوە".

روونیكردەوە: "ئەوانەی لەپشت تەقینەوە و ئاژاوەگێڕین لە شنگال ھێزی دەرەكیی و ناشەرعین. ئێمە بەجددی كاردەكەین، بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی و ئەو ھێزانەی لە 16ی ئۆكتۆبەر ھێندراونەتە شنگال ناوچەكە جێبھڵن".

محما خەلیل، گوتی: "داوامان لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا و ھێزەكانی عێراق كردووە لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بكەن و ئەنجامەكەی رابگەیەنن، بۆ ئەوەی روونبێتەوە كە ئەمە لەلایەن فڕۆكەكانی توركیا ئەنجامدراوە یان سیناریۆی ھێزە ناشەرعییەكان بووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر توركیا ئەو ھێرشەی ئەنجامدابێت رایدەگەیاند، كە ئەوان چەكدارانی پەكەكەیان كردووەتە ئامانج، ئەوكات ھەموومان باوەڕمان دەكرد، كە توركیا ئەمەی ئەنجامداوە، لەوباوەڕەداین ھێزە ناشەرعییەكان ئەم تەقینەوەیان ئەنجامدابێت، بەڵام چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكان دەكەین".

شەوی رابردوو 20/9/2020 تەقینەوەیەك لە نزیك مەزاری شەرفەدین لە شنگال روویدا، ھەندێك لە میدیاكان بڵاویان كردەوە، كە فڕۆكەی بیفڕۆكەوانی توركی بووە و گەریلاكانی پەكەكەی لەنێو ئۆتۆمبێلێكدا كردووەتە ئامانج، بەڵام تائێستا ھیچ بەڵگە و زانیاری فەرمی لەوبارەوە نەخراوەتەڕوو.