عێراق دۆسته یان دوژمن؟
عێراق دوژمنه نه‌ک دۆست، دوژمنیش هیچ کاتێک نابێته دۆست. کێشه‌ی ئێمه‌ی کوردیش له‌وه‌دایه، که هه‌رگیز له‌وه ناگه‌ڕێین، که به چاوی دۆست ته‌ماشای عێراق بکه‌ین. فاکت ئه‌وه‌یه، که ئێمه‌ی کورد به‌شێک له خاکمان، که باشووره له‌لایه‌ن عێراقه‌وه داگیرکراوه. عێراق هه‌میشه به چاوی خاوه‌ن خاک، ته‌ماشای باشوور ده‌کات. په‌یوه‌ندیی باشوور و عێراق په‌یوه‌ندییه‌کی زۆره‌ملێییه، له‌م په‌یوه‌ندییه زۆره‌ملێییه‌دا باشوور له په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وامدایه، که هیچ چانسێکی دیكه‌ی نییه، بێجگه له‌مه.
ده‌ربازبوون له‌م په‌یوه‌ندییه زۆره‌ملێییه‌دا پابه‌نده به سه‌ربه‌خۆییه‌وه. ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه له ڕیفراندۆمی ساڵی 2017دا هیوایه‌کی گه‌وره‌ی هه‌مووان بوو. ئه‌م هیوایه له ناپاکیی نه‌ته‌وه‌یی شانزده‌ی ئۆکتۆبه‌ری 2017دا زیانێکی گه‌وره‌ی پێگه‌یه‌نرا، لێ هێشتا سه‌ربه‌خۆیی هیوای گه‌وره‌ی کورده.
پاکێتیی لێره‌دا له‌وه‌دا نییه، که له په‌یوه‌ندییدا بین له‌گه‌ڵ به‌غداددا، به‌ڵکوو له‌وه‌دایه، که له په‌یوه‌ندیدا بین له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا. چونکه کوردایه‌تیی خۆشه‌ویستییه، خۆشه‌ویستییش پابه‌ند نییه به‌وه‌وه، که پاک بین به‌رانبه‌ر خۆشه‌ویسته‌که‌مان، به‌ڵکوو له‌وه‌دایه، که پاک بین به‌رانبه‌ر به خۆشه‌ویستیی خۆی. عێراق هه‌میشه باشوور به موڵکی خۆی ده‌زانێت، نه‌ک خۆی به داگیرکا‌ر بزانێت. له ڕاپه‌ڕینی 1991ه‌وه هه‌تا رووخانی به‌عس. له دروستبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه، که ته‌نها به ناو ده‌وڵه‌ته، عێراق باشوور وه‌ک ئامرازێک ته‌ماشا ده‌کات، وه‌ک به‌شێک له موڵکی خۆی.
له‌م جۆره مامه‌ڵه‌یه‌شدا له‌گه‌ڵ باشووردا، عێراق خاڵییه له هه‌ست و خۆشه‌ویستیی به‌رانبه‌ر به کورد و پڕاوپڕیشه له ڕق و کینه و دوژمنایه‌تیی به‌رانبه‌ر به کورد. له‌دوای ڕووخانی به‌عسه‌وه، ده‌ستدرێژیی زیاتر ده‌کرێته سه‌ر کورد، خاک و ماڵیان زیاتر داگیر ده‌کرێت، شار و گوندمان زیاتر به عه‌ره‌ب ده‌کرێن، نوێتریینیشیان په‌لکانه‌یه. هه‌موو ئه‌م تاوانه گه‌ورانه به به‌رچاوی سه‌رۆک کۆمارێکه‌وه ده‌کرێت، که کورده.
دوژمنی ئێمه‌ی کورد عێراقه، نه‌ک حکومه‌تی فڵان و فیسار، نه‌ک کابینه‌ی ژماره‌یه‌ک یه‌ک و دوو و سێ و ...هتد. فاشییه‌ت به‌شێکه له ئیدێنتیتێتی هاووڵاتییانی عێراق. له‌دوای ڕووخانی به‌عسه‌وه سه‌رۆک وه‌زیرانێکمان به‌رچاو نه‌که‌وت، که له به‌عسییه‌ک نه‌رم و نیاتر بێت به‌رانبه‌ر به کورد، وه‌زیرێک، پۆلیسێک، حه‌شدێكی شه‌عبیی ...هتد. جیاوازیی نێوان عێراقی به‌عس و ئه‌م عێراقه نوێیه له‌وه‌دایه، که عێراقی نوێ ده‌یه‌وێت دیموکراتانه فاشیی بێت. په‌یوه‌ندیی باشی نێوان به‌غداد و هه‌ولێر بێجگه له گاڵته‌جاڕییه‌ک هیچی تر نییه. له‌مه‌ش گاڵته‌جاڕتر ئه‌وه‌یه، که به‌شێک له هاووڵاتییانی کورد هاوار بکه‌ن کازمیی تۆ بۆ ئێمه لازمی. کۆمێدیاش له‌م گاڵته‌جاڕییه‌دا ئه‌وه‌یه، که عێراقی فاشیی و بێحومه‌رتی نوێ خاوه‌نی سه‌رۆک کۆمارێکی کورده.
له‌دوای ناپاکیی شانزده‌ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه، ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می به‌عسدا به کورد کراوه، به کورد ده‌کرێت له ناوچه دیسانه‌وه داگیرکراوه‌کاندا. خوشک و برایانی کورد له ناوچه دیسان داگیرکراوه‌کاندا هه‌ست به ته‌نیایی و لاوازیی خۆیان ده‌که‌ن، له ناخۆشییه‌کی گه‌وره‌دان، چونکه ئێمه هیچ بیرکردنه‌وه و پلانێکمان نییه، که چۆن ڕزگاریان بکه‌ین. ڕزگاریان بکه‌ین و بۆ هه‌تاهه‌تایه لایان بمێنینه‌وه. بۆ ئه‌م ڕزگارییه‌ش کورد پێویستی به بیرێکه، چونکه هه‌بوونی بیرێک هێزێکی گه‌وره‌یه، که هیچ سووپایه‌کی زه‌به‌لاحی دوژمن ناتوانێت به‌ره‌نگاری بێته‌وه. بیرێکی وه‌هاش له دڵه‌وه دێت، ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه دیسان داگیرکراوه‌کان ڕزگار بکه‌ین، ئه‌وا پێویسته به دڵ کوردستان‌مان خۆشبوێت. له‌م به دڵ کوردستان خۆشویستنه‌شدا پێویستمان به یه‌کترییه وه‌ک هاوڕێ، وه‌ک خوشک و برای ڕاسته‌قینه، چونکه هیچ ڕێگایه‌ک نه سه‌خت و نه درێژه، ئه‌گه‌ر بێت‌و هاوڕێیه‌کی ڕاسته‌قینه‌ت له‌گه‌ڵدا بێت.
نیشتیمانی خۆت خۆشبوێت، هاوڕێبه نه‌ک دوژمن، چونکه ئێستا له هه‌موو کات زیاتر پێویستمان به یه‌کترییه وه‌ک هاوڕێ، وه‌ک خوشک و برا نه‌ک وه‌ک دوژمن. لێگه‌ڕێن ئه‌و کولتووره تێپه‌ڕێنین، که به‌رده‌وام دژ به‌یه‌ک بین نه‌ک له‌گه‌ڵ یه‌کبین. ئه‌وه‌ی تینووی هێز و ده‌سته‌ڵاته، پێویستی به هێز و ده‌سته‌ڵاته بۆ پراکتیزه‌کردنی خراپه، ده‌نا بۆ هه‌موو شتێکی تر، خۆشه‌ویستیی به‌سه بۆ گه‌یشتن پێی. له‌وه‌ته‌ی کوردیش عێراق ده‌ناسێت، هه‌میشه به زه‌بری هێز و چه‌وساندنه‌وه مامه‌ڵه‌ی کوردی کردووه. له‌م عێراقه نوێیه‌دا، که سیاسییه عێراقییه نوێیه فاشیسته‌کان به‌شێک له کوردستانیان داگیرکرده‌وه. له‌و ناوچه داگیرکراوانه‌دا هاوشێوه‌ی به‌عس و داعش مامه‌ڵه‌ی کورد ده‌که‌ن. پلانی ئه‌م عێراقه نوێیه داگیرکردنه‌وه‌ی هه‌موو کوردستانه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، کورد پێویسته له‌وه تێبگات، که چلۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تیرۆریستان‌دا ناکرێت، ئاوهاش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا ناکرێت.
کورد پێویسته زمانی دیپلپۆماسییه‌تی خۆی بگۆڕێت و ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه بێت، که بڵێت کورد شانازیی به عێراقیی بوونی خۆیه‌وه ده‌کات. بۆ نموونه بگووترێت عێراقییه‌کان شانازیی به عێراقیی بوونی خۆیانه‌وه ده‌که‌ن، به‌مشێوه‌یه ئێمه خۆمان جیاده‌که‌ینه‌وه له عێراق. باوه‌ڕم نییه هیچ کوردێکی سته‌مدیده شانازیی به‌وه‌وه بکات، که عێراقییه. له سه‌ره‌تای دوو هه‌زاره‌کاندا به‌شێک له کوردانی ئه‌وروپا، پاسپۆرته عێراقییه‌کانیان ده‌کرده کیسه‌یه‌کی ڕه‌شه‌وه له‌گه‌ڵ پاسپۆرته‌که‌دا که‌مێک گووشیان تێده‌کرد، پاشان ده‌یاندایه‌وه سه‌فاره‌تی عێراقیی له‌و وڵاته‌دا، که لێی ده‌ژیان. ده‌شێت به‌شێکی که‌م له کورد هه‌بێت، که خۆی به عێراقیی بزانێت نه‌ک کورد، نموونه‌کانی ئه‌مانه به‌شێکن له ئه‌ندام په‌رله‌مانه کورده‌کانی به‌غداد.
سێ دانه ساڵه به‌شێک له کورد له‌ژێر ده‌ستی عێراقی نوێ‌دا ده‌چه‌وسێته‌وه و کوردیش ته‌ماشاکه‌ره. سێ دانه ساڵه شار و گوونده‌کانی کورد، که له ناپاکیی شانزده‌ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه داگیرکراوه به عه‌ره‌ب ده‌کرێت و کوردیش ته‌ماشاکه‌ره. له‌م کاره‌ساته‌دا کورد قسه له‌سه‌ر نزیکبوونه‌وه و لێکتێگه‌یشتنی نێوان به‌غداد و هه‌ولێر ده‌کات، که‌چی ڕۆژ نییه به به‌رچاوی جیهانه‌وه له که‌رکووک و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی، له خانه‌قین و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی کورد نه‌کووژرێت، کێڵگه و ڕه‌ز و باخیان نه‌سووتێنرێت، نه‌ڕفێنرێن و خاک و ماڵیان داگیرنه‌کرێت. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که عێراق له ساڵی ٢٠١٤ه‌وه وه‌ک پێویست بودجه‌ی کوردستان نادات.
دواجار ناکرێت کورد به به‌رده‌وامیی ته‌ماشاکه‌ر بێت، به‌ڵکوو ده‌بێت چالاک بێت. ناشکرێت به ته‌نها که‌سێک، لایه‌نێک چالاک بێت، به‌ڵکوو پێویسته هه‌موومان پێکه‌وه ده‌ست له‌ناو ده‌ست چالاک بین.